نووسینگه‌ی عامری ناوه‌رۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت و پارتی بڵاوكرده‌وه
K24 – بەغدا:
نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی هادی عامری ناوه‌رۆكی كۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌كانی هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تی له‌گه‌ڵ شاندی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی بڵاوكرده‌وه.
ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی سه‌ركرده‌كانی هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت، له‌گه‌ڵ شاندی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی به سه‌رۆكایه‌تی فازڵ میرانی له به‌غدا له ئۆفیسی سه‌ره‌كی هادی عامری و به ئاماده‌بوونی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و موحسین مه‌نده‌لاوی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق و ژماره‌یه‌ك له سه‌ركرده دیاره‌كانی هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت به‌ڕێوه‌چوو.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی نووسینگه‌ی هادی عامری سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پێشهاته سیاسییه‌كانی عێراق و دۆسییه‌ی هه‌ڵبژاردن گفتوگۆیان له‌باره‌وه كرا.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تاووتوێی كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كرا و جه‌ختیش له چاره‌سه‌رییه‌كان به پێی ده‌ستوور و به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی كرایه‌وه.
جه‌خت له زمانی دیالۆگ و یه‌كخستنی بۆچوونه‌كان، له‌پێناو سه‌قامگیری پرۆسه‌ی سیاسی له عێراق كرایه‌وه.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، شاندی پارتی بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی پابەندبوونی حکومەتی عێراقی بە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا و جێبەجێکردنی یاسای بودجە و بەدەستهێنانی شایستە داراییەکانی هەرێـی کوردستان و رێککەوتن لەسەر وادەی تێپەڕاندنی یاسای نەوت و گاز لەگەڵ هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتدا گفتوگۆ دەکات.
هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت له‌دوای كشانه‌وه‌ی ره‌وتی سه‌در له په‌رله‌مانی عێراق، له‌نێوان چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی (نوری مالیكی، هادی عامری، قه‌یس خه‌زعه‌لی، عه‌مار حه‌كیم، حه‌یده‌ر عه‌بادی و بزووتنه‌وه‌ی بابیلۆن هێزه شیعه‌كانی دیكه) و پێكهاته‌ی كورد (پارتی و یه‌كێتی) و پێكهاته‌ی سوننه‌كان (هاوپه‌یمانیی سیاده و عه‌زم) پێكهاتووه و هه‌موویان حكومه‌تی ئێستای عێراقیان به سه‌رۆكایه‌تیی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی پێكهێناوه.
شاندی مەکتەبی سیاسیی پارتی بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی، به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و ئەندامییەتی هەر یەکە لە فوئاد حوسێن، هۆشیار زێباری، پشتیوان سادق، نەوزاد هادی، جەعفەر ئێمینکی، شاخەوان عەبدوڵڵا، بەنگین رێکانی، ئومێد سەباح و فارس عیسا پێکهاتوون.