زاخارۆڤا وه‌ڵامی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌داته‌وه

K24 – هەولێر:
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا رایده‌گه‌یه‌نێت، مۆسكۆ ره‌تی ئه‌نجامدانی گفتوگۆ له‌باره‌ی كۆتاییهێنان به جه‌نگی ئۆكرانیا ده‌كاته‌وه، له‌به‌رامبه‌ردا گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا ده‌ڵێت: "ئه‌مه درۆیه‌كی گه‌وره‌یه".
ماتی‌و میلەر گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاندبوو، مۆسكۆ ره‌تی گفتوگۆ له‌باره‌ی كۆتاییهێنان به جه‌نگی ئۆكرانیا ده‌كاته‌وه، بۆیه هیچ گفتوگۆیه‌ك له‌گه‌ڵ رووسیا له ئێستادا له ئارادا نییه. له‌به‌رامبه‌ردا ماریا زاخارۆڤا گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا رایده‌گه‌یه‌نێت، واشنتن له سێپته‌مبه‌ری 2022ـه‌وه تاكو ئێستا رێگری له كیێڤ كرد گفتوگۆ ئه‌نجام بدات.
زاخارۆڤا له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تێلگرام نووسیوویه‌تی: "ئه‌وان درۆزنهكانن، چونكه ئه‌وان بوون قه‌ناعه‌تییان به زێلێنسكی سه‌رۆكی ئۆكرانیا هێنا، ره‌تی گفتوگۆ بكاته‌وه، به درێژایی ساڵی 2022 جه‌ختی ده‌كرده‌وه، كه بۆ گفتوگۆكردن ئاماده نیین".
پێشتریش هێنری كیسینجه‌ر، دیپلۆماتكاری خانه‌نشین و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پێشووتری ئه‌مه‌ریكا بۆ گۆڤاری (زه سپیكتیتۆر) رایگه‌یاندبوو، ئه‌گه‌ر رووسه‌كان گه‌یشتنه ئه‌و شوێنه‌ی كه ده‌یانه‌وێت، كۆتایی به‌شه‌ڕ دێنن.
له 24ـی شوباتی 2022، به فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا هێرشكرایهسهر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه هه‌زاران كه‌س له سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی بوون، تا ئێستاش ئه‌و جه‌نگه به‌رده‌وامه.