ماتیو میلەر: هۆکارەکان بۆ کشانەوەی رووسیا لە رێککەوتنی هەناردەی دانەوێڵە تەنیا بەهانەن
K24 – ههولێر:
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمهریکا دەڵێت، هۆکارەکان بۆ کشانەوەی رووسیا لە رێککەوتنی هەناردەی دانەوێڵە لە دەریای رەش، تەنیا بەهانەن و هەناردەی دانەوێڵە و پەیینی ئەو وڵاتە لە بەرزترین ئاستدابوونە.
ماتیو میلەر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمهریکا ئاماژەی بەوەدا، سەرەڕای فشارەکان، تا ئێستا هیچ ئاماژەیەک نییە رووسیا نیازی گەڕانەوەی بۆ رێککەوتنەکە هەبێت.
ماتیو میلەر ههروهها گوتی: " گفتوگۆکان لە سعوودیە لەبارەی بەرقەرارکردنی ئاشتییەکی بەردەوام و دادپەروەرانە بووە، وەزیری دەرەوە بلینکن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا گفتوگۆی کرد و یەکێک لەو بابەتانەی باسکران رۆڵی بەرهەمهێنی تورکیا بوو لە هەوڵەکانی بۆ رازیکردنی رووسیا، تا جارێکی دیکە بەشداری لە رێککەوتنی هەناردەی دانەوێڵە بکات".
گوتیشی: "بەردەوام دەبین لە فشارخستنە سەر رووسیا بۆ ئەوەی بەشداری لە رێککەوتنی دانهوێڵه بکاتەوە، بەردەوامیش دەبین لەوەی دەریبخەین هۆکارەکانی رووسیا بۆ کشانەوەی لەو رێککەوتنە تەنیا بەهانەن، هەناردەکردنی پەیین و دانەوێڵەی لە بەرزترین ئاستدابوو، رووسیا بەرپرسیارە لە کشانەوە لەو رێککەوتنە".
دهشڵێت: "هانی ئەو وڵاتانە دەدەین پشت بە دانەوێڵەی ئۆکرانیا دەبەستن و فشار لە رووسیا بکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ ئاماژەیەک نییە رووسیا بەنیازی گەڕانەوە بێت بۆ ئەو رێککەوتنە."
له 24ـی شوباتی 2022، به فهرمانی ڤلادیمێر پوتنی سهرۆكی رووسیا هێرشكرایهسهر خاكی ئۆكرانیا و بههۆیهوه ههزاران كهس له سهربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنهها ئۆكرانیش ئاوارهی وڵاتانی ئهوروپی بوون، تا ئێستاش ئهو جهنگه بهردهوامه.
پێشتریش میکایل مەککاول سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمهریکا و بۆب مێنێندێز سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی وڵاتەکە، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان سەبارەت بە هەڵوێستی رووسیا لەبارەی رێککەوتننامەی گواستنەوەی دانەوێڵە بڵاوکردبووهوه.
لە بەیاننامهكهدا، سەرکۆنەی رووسیایان كرد، کە درێژکردنەوەی وادەی رێككهوتنی گواستنەوەی دانەوێڵە لە دەریای رەشی رەتکردووهتهوه، کە 17ـی ئهم مانگه - تەمموز ماوهكهی کۆتاییهات.
له بهیاننامهكه ئاماژه بهوهشكرابوو، بههۆی ئەم دەستپێشخەرییه، تا ئێستا 950 گەشت ئهنجامدراوه، بەهۆیەوە زیاتر لە 30 ملیۆن تۆن دانەوێڵە و پەین و کەلوپەلی خۆراک لە بەندەرەکانی ئۆکرانیاوە گواستراونەتەوە، لە کاتێکدا رووسیا بە درێژنەکردنەوەی، ئەم دەستپێشخەرییە سەرکەوتووەی خستووەتە مەترسییەوە، مۆسکۆ نیشانی دەدات و دەیەوێت خۆراک وەک چەکێکی جەنگ بەکاربهێنێت. ئەم ههنگاوهی رووسیا مەترسی وشکەساڵی و بەرزبوونەوەی نرخ و تراژیدیای مرۆیی زیاد دەکات.
لە 22ی تەمموزی 2022دا، بهچاودێری رەجەب تەیب ئەردۆغان، تورکیا، رووسیا، ئۆکرانیا و نەتەوەیەکگرتووەکان بەڵگەنامەی دەستپێشخەری ناردنی دانەوێڵە و ماددە خۆراکییەکانیان بەشێوەیەکی سەلامەت لە بەندەرەکانی ئۆکرانیاوە واژوو کرد.
رێککەوتنەکە کە پێشتر چەند جارێک درێژکراوەتەوە، لە 17ـی تەمموز وادەکەی کۆتایی هات.
بەرپرسانی رووسی ئاماژە بەوە دەکەن، کە هیچ ئەگەرێک بەدیناکەن بۆ درێژکردنەوەی وادەکەی.