رێکارە کارگێڕی و یاساییەکان بۆ تەواوکردنى کاروبارى بە قەزابوونى هەریر دەستیانپێکرد

K24 - هەولێر
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر رایدەگەیەنێت، لە ئەمڕۆوە دەستکرا بە رێکارە کارگێڕی و یاساییەکان بۆ تەواوکردنى کاروبارى بە قەزابوونى هەریر و جەخت لەوە دەکاتەوە، بڕیاری بە قەزاکردنی ناحیەی هەریر، لە پێناو زیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتییانی ئەو سنوورە بووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 8ـی ئابی 2023، عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە سەر راسپاردە و فەرمانى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە ئەمڕۆوە دەستکرا بە ڕێکارە کارگێڕی و یاساییەکان بۆ تەواوکردنى کاروبارى تایبەت بە قەزاکردنی ناحیەی هەریر، لە سنووری پارێزگای هەولێر.
دوێنێ دووشەممە 7ـی ئابی 2023، ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەی ژمارە 110ـی ئاسایی خۆی بۆ تاوتوێکردنی نووسراوێکی پارێزگاری هەولێر بۆ بە قەزاکردنی ناحیەی هەریر کۆبووەوە. لە کۆی 30 ئەندامی ئەنجوومەنەکە، 27 ئەندام بەشدارییان لە کۆبوونەوەکە کرد و بە دەنگی 22 ئەندام بڕیاری هێنانەکایەی قەزای هەریر لە سنووری هەردوو ناحیەی هەریر و باسرمە پەسندکرا.
بەگوتەی عەلی رەشید، بڕیاری بە قەزاکردنی ناحیەی هەریر، لەسەر فەرمانی راستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە، لە پێناو زیاتر خزمەتکردن و گەیاندنى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و دەستی ئاوەدانى بە هاووڵاتییانی هەریر و سنوورە جیاوازەکان و باشتر ڕاییکردنى کاروبارە کارگێڕییەکانی هاووڵاتییان لە فەرمانگاکانى سنوورى پارێزگای هەولێر.
ناحیەی هەریر دەکەوێتە سەر بە قەزای شەقڵاوە لە سنووری پارێزگای هەولێر و ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە 23 هەزار کەسە. ڕووبەرەکەی 560 کیلۆمەتر جوودایە و بەگوێرەی ئامارەکان، نزیکەی 100 گوند لە سنووری ئەو قەزایە هەن.
لەبارەی دەستنیشانکردنی قائیمەقامی نوێ بۆ قەزای هەریر، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئەوەی خستەڕوو، "دوای ئەوەی بڕیار لەسەر هێنانەکایەی قەزای هەریر درا، لیژنەیەکی تایبەتمەند سیڤی ئەو کەسانە وەردەگرێت، کە داوا بۆ بە قائیمەقامبوون پێشکەش دەکەن، دواتر ئێمە سیڤییەکان وەردەگرین و باشترین کەس بۆ ئەو پۆستە هەڵدەبژێرین".
رۆژی دووشەممە 12ـی حوزەیرانی 2023، ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لەکۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە 109ـی خۆیدا دەنگی لەسەر هێنانەکایەی هەر سێ ناحیەی کۆڕێ، بناری سەفین و بەستۆرە لە سنووری قەزای پیرمام و ناحیەی بێستانە لە سنووری قەزای بنەسڵاوە دا.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا دەنگ لەسەر هێنانەکایەی گوندی حاجی هارۆن لە ناحیەی بەحرکە – قەزای ناوەندیی هەولێر و گوندی ئازاد لە ناحیەی باسرمە – قەزای شەقلاوە درا. هاوکات دەنگ لەسەر لکاندنی ناحیەی دارەشەکران، کە سەر بە قەزای خەبات بوو؛ بە قەزای پیرمامەوە درا.