عێراق: تاوەکو ئێستا سێ هەزار دەریاچەی ماسیمان وشک کردووە

وشککردنی دەریاچەی ماسی
وشککردنی دەریاچەی ماسی

K24 - هەولێر

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، وەک بەشێک لە رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کەم ئاوی کە وڵاتەکە پێدا تێدەپەڕێت، سەرکەوتوو بووە لە وشکردن و پڕکردنەوەی نزیکەی سێ هەزار دەریاچەی ماسی بێ مۆڵەت لە پارێزگاکانی عێراق.

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: "کارمەندەکانمان بەردەوامن لە هەڵمەتەکانیان بۆ لابردنی ئەو دەریاچە ماسییانەی کە بە زێدەرۆیی دروستکراون، ئەمەش وەک بەرپرسیارێتی پاراستنی سامانی ئاو و دڵنیابوون لە دابەشکردنی دادپەروەرانەیە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، کارەکان بریتی بوون لە لابردنی دەریاچەکان لەناو حەوزەکانی رووباری دیجلە کە ژمارەیان دووهەزار و 212 دەریاچەیە، هەروەها لە رووباری فوراتیش  753 دەریاچەیە،گوتیشی: کارەکە وەک هەنگاوی یەکەم وشککردنی دەریاچەکانە، دواتر بڕینی سەرچاوەی ئاو و کارەبا بۆ ئەوەی جارێکی تر پڕیان نەکاتەوە".

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "هەڵمەتی وشککردنی دەریاچەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ کارمەندانی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان لەگەڵ وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و کارەبا لە پارێزگاکان و بە پشتیوانی هێزە ئەمنییەکان ئەنجام دەدرێت".

وشکردنی دەریاچەکانی ماسی
وشککردنی دەریاچەکانی ماسی

خالید شیمال گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوییەکانی ئاوی عێراق، سەبارەت بە کۆی رێژەی هەڵوەشاندنەوەی پێشێلکارییەکان کە لەلایەن وەزارەتەوە ئەنجامدراون گوتی: پێشێلکارییەکان لەسەر رووبارەکان زۆرن و ئەنجامی کەڵەکەبوونی چەندین ساڵە و هەڵمەتی هەڵوەشاندنەوەی پێشێلکارییەکانیش تا ئێستا بەردەوامە و لە 40%ی ئامانجەکانی بەدەست هێناوە.

عێراق لە لیستی ئەو وڵاتانەدایە کە مەترسی زۆریان لەسەرە سەبارەت بە کەمی ئاو و مەترسییەکانی وشکبوون.

پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2040 عێراق ببێتە خاکێکی بێ رووبار، دوای ئەوەی رووبارەکانی دیجلە و فورات بەتەواوی وشک دەبن. هەروەها جوتیارێک بەناوی سەججاد ئەلعوتەیبی گوتی: "هەرگیز وەرزێکی وشکەساڵی وەک ئەم وەرزەی نەبینیوە".

Fly Erbil Advertisment