ئەشواق جاف: ئەوەی لە پەسندکردنی بودجە روویدا نابێ لە یاسای نەوت و غاز دووبارە ببێتەوە

K24 - هەولێر
ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، شاندی مەکتەبی سیاسی حزبەکەی لە بەغدا جەخت لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق و مووچە و مافەکانی دیکەی خەڵکی کوردستان دەکەنەوە لە چوارچیوەی دەستووردا.
ئەشواق جاف ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی و بەرپرسی لقی 5ی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەمیانی بەشداریکردن لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، لەبارەی کۆبوونەوەکانی شاندی مەکتەبی پارتی لە بەغدا، گوتی: "پارتی تەنیا پارتییەکان نییە و پارتی هەموو خەڵکی کوردستانە و بەردەوام بەرگری لە قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکات، لە سەرەتای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، لەسەر بنەمای رێککەوتنی سیاسی و واژۆی لایەنەکان پێکهێنرا، لە ماددەی 23ی کارنامەی حکومەتی عێراق کە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر درا، هەموو مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانی تێدا جێگیرکراوە، لە بڕگەیەکدا ئاماژە بەوەشدراوە نابێ هیچ هەنگاوێک دژی هەرێمی کوردستان بنرێت تا رێککەوتن لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەکرێت".
گوتیشی: "ئەوەی لەکاتی دەنگدان بە بودجەی گشتی عێراق کرا، پابەند نەبوون بوو بە رێککەوتن و هەروەها کودەتا بوو دژی رێککەوتنی هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق،ئەوەی بینیمان لەلایەن لایەنەکانی ناو هاوپەیمانی ئیدارەی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە پەرلەمان هەوڵی گۆڕینی بڕگەکانی پڕۆژەیاساکە درا، بۆیە ئێستا پارتی دەیەوێت لایەنەکان لەوە تێبگەیەنێت، ئەوەی لە بەڕێکردنی یاسای بودجە کرا نابێ لە یاسای نەوت و گاز دووبارە بکرێتەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ لایەنەکان، شاندی پارتی باسی بابەتەکانی رێککەوتنی شنگال، پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، گەڕانەوەی بارەگانی لایەنە سیاسییەکان بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەکەن، مافی پێشمەرگە و هەموو خاڵەکانی دیکە کە لە کارنامەی کابینەی حکومەتی محەممەد شاع سوودانی هەن.
ئەشواق جاف، دەڵێت: "ئێمە وەکو کورد و حکومەتی هەرێمی کوردستان، جەخت لەسەر جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتی سودانی دەکەینەوە، چونکە ئەوە بنەمای رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵییە لە چوارچێوەی دەستوور، وەک ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام جەختی لێدەکاتەوە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانمان دەوێت لە چوارچێوەی دەستوور، بەڵام ئەوەی کە روودەدات پەیامێکە بۆ هەموو عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە هەندێک لە سیاسییەکان بەپێی بیرکردنەوەی مەرکەزی مامەڵە لەگەڵ مەلەفەکان دەکەن، نەک تەنیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەڵکو لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی عێراق، ئەمەش پێشێلکارییە، چونکە لە دوای ساڵی 2003ـەوە عێراقێکی فیدراڵییە نەک مەرکەزی، ئەوە بەپێی دەستوور کە خەڵکی عێراق دەنگی پێداوە".
جەختیکردەوە: "ئەوەی لە پەسندکردنی یاسای بودجە روویدا نابێ لە یاسای نەوت و غاز دووبارە ببێتەوە، چونکە ئەو ماددە تایبەتمەندی خۆی هەیە".
سەبارەت بەو پرسیارەی کە ئایا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاڵپشتی پارتی و هەرێمی کوردستان دەکات لە گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا، ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی گوتی: "هەر لایەنێک پابەندی یاسا و دەستوور بێت و لەگەڵ ئەوەبێت کە سەقامگیری سیاسی لە عێراق هەبێت، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاڵپشتی ئەوە دەکات".
رۆژی دووشەممە 7/8/2023، شاندێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی بەڕێوەبردنی دەوڵەت سەردانی بەغدایان کرد و زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان ئەنجامدا.