ئومێد خۆشناو: 500 هەزار زیارەتکارى ئێرانی لە دەروازەى حاجى ئۆمەرانەوە دەچنە باشووری عێراق

کۆبوونەوەی پارێزگای هەولێر سەبارەت بە زیارەتکارانی ئێرانی
کۆبوونەوەی پارێزگای هەولێر سەبارەت بە زیارەتکارانی ئێرانی

K24 - هەولێر

پارێزگارى هەولێر سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزاریی و فریاگوزاریی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد بۆ پێشوازیکردن لە زیارەتکارانى ئێران. داوای کرد لە ئامادەباشی تەواودابن بۆ خزمەتکردنیان.

ئەمڕۆ سێشەممە8ی ئابی 2023، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە ئامادەبوونى هێمن میرانى، بەڕێوەبەرى گشتیى دیوانى وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێم، لەدیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى لەگەڵ سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزاریی و فریاگوزاریی و لایەنە پەیوەندیدارەکان تایبەت بە پلان و ئامادەکاری و داڕشتنی میکانیزمی ھاتنی زیارەتکارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق و مانەوەیان لە ھەولێرى پایتەخت ئەنجامدرا.

هەر لە کۆبوونەوەکەی پارێزگادا، دواى ئەوەى بەوردى باس لە هەموو پلان و ئامادەکاری و داڕشتنی میکانیزمی ھاتنی زیارەتکارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق  کرا، کە بڕیارە لە ناوەڕاستى ئەم مانگە 500 هەزار، زیارەتکارى ئێران لە دەروازەى سنوورى نێودەوڵەتى حاجى ئۆمەرانەوە بەنێو خاکى هەرێمى کوردستان دەست بەگەشتەکەیان بکەن بۆ شوێنە پیرۆزەکانى عێراق.

لەکۆبوونەوەکەدا پارێزگارى هەولێر، سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزاریی و فریاگوزاریی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە، کە هەرچی پێویستە بۆ وێستگەکانى پێشوازیکردن و مانەوەیان لە هەولێرى پایتەخت لە خاڵى سنوورى نێودەوڵەتی حاجى ئۆمەرانەوە تاکو دواخاڵى سنوورى پارێزگاکەمان کە بازگەى شێراوەیە ئەنجام بدریت.

داواشی کرد لە ئامادەباشى تەواودابن و خزمەتگوزارییە پێویستیەکان و سەلامەتى هاتن و چوونیان فەراهەم بکرێت و ئاسانکاریان پێشکەش بکرێت.

پارێزگارى هەولێر راشیگەیاند: "سوپاس بۆ خوداى گەورە پارساڵ وەک یەکەم ئەزموون پڕۆسەکە زۆر بەباشى و سەرکەوتوویى بەڕێوەچوو، هەروەها توانراوه‌ زیارەتکارانى ئێران بە سەلامەتى بگەنە هەولێرى پایتەخت و لەوێشەوە بۆ شوێنە پیرۆزەکانى عێراق، بۆ ئەمساڵیش کە واچاوەڕوان دەکرێت ژمارەى زیارەتکاران زۆر لە ساڵى پار زیاتر بێت، دەخوازین بە بەباشترین شێوە لە خزمەتیان دابین، هەروەها ئومێد دەکەین وەکو حکومەتى هەرێمى کوردستان و پارێزگاى هەولێر سه‌باره‌ت به‌ پڕۆسەی هاتنى زیارەتکاران ببینە هۆکارى ئەوەى ئاسانکارى و خزمەتیان پێشکەش بکەین".

پارساڵ لەسەر بنەمایی رێککەوتنى نێوان پارێزگارى هەولێر و پارێزگارى ورمێ بۆ یەکەمین جار بە فەرمى پڕۆسەى هاتنی زیارەتکارانی ئێران بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق لە خاڵى سنوورى حاجى ئۆمەرانەوە بۆ ناوخاکى هەرێمى کوردستان دەستى پێکردووە.

لە پرۆسەکەدا زیاتر لە 70 ھەزار زیارەتکاری ئێران لە رێگەی دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە بۆ سەردانیکردنى شوێنە پیرۆزەکانی عێراق هاتنە ناو خاکی هەرێمى کوردستان، دواى مانەوەیان لە هەولێرى پایتەخت بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق بەڕێکەوتن.

Fly Erbil Advertisment