مونا قەهوەچی: بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت پێویستە یەکڕیز بین
"ئەگەر حکومەتی عێراق بەپێی دەستوور مامەڵە بکات مافەکانی خەڵکی کوردستان پارێزراو دەبن"

K24 – هەولێر
جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان رایدەگەیەنێت، دۆخی عێراق و ناوچەکە هەستیارە و پێویستی بە یەکڕیزی و تەبایی نێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەکانە.
مونا قەهوەچی جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان، لە پەیامێکدا لەبارەی دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە لە سۆشیال میدیا بڵاویکردووەتەوە، نووسیویەتی: "گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بەگشتی زۆر هەستیارە و پێویستی بە یەکڕیزی و تەبایی سیاسی نێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەکان هەیە".
دەشڵێت: "ئەگەر حکومەتی عێراق ناوەند بەپێی دەستوور مامەڵە بکات، لەو چوارچێوەیەدا کێشەکانی لەگەڵ هەرێم چارەسەر بکات مافەکانی خەڵکی کوردستان پارێزراو دەبێت".
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، مونا قەهوەچی دەڵێت: "ئەگەر ئاوڕێک لە ئەزموونی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان بدەینەوە، سەڕەرای هەموو کەموکورتیەک، پێشکەوتنی خزمەتگوزاریی لە هەموو ئاستەکان بەدی دەکەین بە بەراورد بە ناوچەکانی تری عێراق، ئەمەش سەلمێنەری سەرکەوتوویی بەرنامەی حکومەت و سیستەمی سیاسییە لە هەرێمی کوردستان، لە دوای راپەڕین کە هەرێمی کوردستان بووە خاوەنی کیانی سەربەخۆ و حکومەتی خۆی، لە هەموو ئاستەکان پێشکەوتنێکی زۆر هاتنە کایەوە و لە زۆر بواردا هەرێمی کوردستان چووە سەر نەخشەی جیهان و لە رووی سیاسی و ئابووریدا شوێن پێی خۆی گرت، ئێستاش هەوڵەکان بەردەوامن بۆ زیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتیان و نەهێشتنی کەموکوڕییەکان".
مونا قەهوەچی جەخت دەکاتەوە: "بۆ ئەوەی مافەکانمان دەستەبەر بێت و قەوارەی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت، پێویستە یەکڕیز و هاوئاهەنگ بین، گرنگیشە هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم لەم دۆخەدا یەکریز بین بۆ بەدیهێنانی کوردستانێکی بەهێز، هەر لەو رێگەشەوە دەتوانین سەرجەم مافەکانمان بەدەست بهێنین".