لە حەوت مانگدا 172 ئۆتۆمبێل لە سنووری هەولێر سوتاون
بەرگری شارستانی: هۆکاری سەرەکی خراپی کوالێتی بەنزینە

K24 - هەولێر
ماوەی چەند رۆژێکە خراپی کوالێتی بەنزین کێشەی بۆ شۆفێران دروستکردووە و ھەمووان بە ترسەوە بەنزینی بەنزینخانەکان بەکار دەھێن، لەبەر ئەوەی تەنھا لە ماوەی یەک ھەفتەدا چوار ئۆتۆمبێل بەھۆی خراپی کوالێتی بەنزینەوە سوتاون. قایمقامی ھەولێریش دەڵێت سزاکان توندتر دەکەن بۆ ئەو کەسانەی دەستکاری کوالێتی بەنزین دەکەن.
ستار محەممەد، هاووڵاتییەکی دانیشتووی هەولێرە و زیاتر لە 30 ساڵە شوفێری تاکسیە، دەڵێت: "بەنزینی حکومی عەیبی نییە ئەگەر بەنزینخانەکان فێڵی تێ نەکەن، لە هەندێک بەنزینخانە بەڵام لە هەندێکی بەنزین تێدەکەین هەر ئەوکات ئۆتۆمبێل دەکوژێتەوە".
ئەو شوفێرە دەشڵێت: "بەنزین هەمووی یەک بەنزینە، بەڵام لە هەندێک بەنزینخانە فێڵی تێدا دەکرێت".
وەک شوفێران باسی دەکەن، ناوێرن بەنزین لە هەموو بەنزینخانەکان تێبکەن، لایەنی پەیوەندیداریش لە حکومەت بەدواداچوون دەکات، بۆ ئەوەی هەر بەنزینخانەیەک بزانێ فێڵ لە کوالێتی بەنزین دەکەن سزا بدرێت.
بەگوێرەی ئەو ئاماری بەرگری شارستانی لە ماوەی حەوت مانگی رابردوودا 172 ئۆتۆمبێل لە سنووری پارێزگای هەولێر سوتاون و هۆکاری سەرەکیش خراپی کوالێتی بەنزینە.
موقەدەم سەرکەوت کاڕەش، وتەبێژی بەرگری شارستانی ھەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە ماوەی حەوت مانگدا 172 ئۆتۆمبێل لە سنووری هەولێر سوتاون، کە ئەم ژمارەیە زۆرە، هۆکاری سەرەکیش خراپی کوالێتی بەنزینە".
لیژنەکانی قایمقامیەت ھەفتانە چاودێری ئەو بەنزینخانانە دەکەن، کە بەنزینی حکومی دابەش دەکەن ناوی ئەو بەنزینخانانەش بڵاو دەکەنەوە کە سزادەدرێن.
لەوبارەوە نەبەز عەبدولحەمید، قایمقانی قەزای ناوەندی ھەولێر بە کوردستان24ی گوت: "هەر بەنزینێک کە دێتە ناو هەولێر بێگومان پشکنینی بۆ دەکرێت، بەڵام لەلایەن چەند کەسێکەوە هەوڵدەدرێت بۆ قازانجی زیاتر فێڵ لە بەنزین بکەن".
بەشێکی تر لەو کێشانەی کە دەبێتە ھۆی سوتانی ئۆتۆمبێل و لەلایەن بەرگری شارستانیەوە تۆمار کراوە، دەستکاریکردنی کارەبایی ئۆتۆمبێل و دانانی ئایپاد دەبێتە ھۆی تێکچوونی سیستەمی ئۆتۆمبێلەکە.