هەردوو هۆڵی "زەرد و گەل" لە هەولێر دروستدەکرێنەوە

دیمەنێکی شاری هەولێر
دیمەنێکی شاری هەولێر

K24 – هەولێر

پارێزگای هەولێر لە راگەیاندراوێکدا رایگەیاند، لەسەر رەزامەندی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی  هەردوو هۆڵی "زەرد و گەل" لە شاری هەولێر دووبارە دروستدەکرێنەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە (9ـی ئابی 2023)، پارێزگاری هەولێر، راگەیاندراوێکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا هاتووە، مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، رەزامەندیدا بەگەڕاندنەوەى دروستکردنى هەردوو پڕۆژەى هۆڵی "زەرد و گەل" بۆ سەر پارێزگاى هەولێر.

ئاماژە بەوەشکراوە، هەردوو هۆڵەکە لە هۆڵە هەرە دیار و بە ناوبانگەکانى شارى هەولێرن و یاد و یادەوەرى پایتەختى هەرێمى کوردستانن.

هاوکات باس لەوەشکراوە، هەردوو هۆڵەکە چەندین کارى شانۆیی و ئاهەنگى نیشتیمانى و نەتەوەیی و پاڵەوانیەتى وەرزشیان لێ نمایش کراوە و بەشێکن لە مێژووى شاری هەولێر.

پارێزگای هەولێر لە راگەیاندراوەکەدا، ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستاشدا دەستکراوە بە ئامادەکارى بۆ رێکارەکانى دابینکردنى بودجە و رێکخستن و دیزانى پڕۆژەکان و لە ئایندەیەکى نزیکیشدا دەست دەکرێت بە جێبەجێکردنى هەردوو پڕۆژەى دروستکردنەوەى هۆڵى زەرد و گەل.

Fly Erbil Advertisment