مۆسکۆ کاری تیمێکی رۆژنامەوانی قەدەغە دەکات کە لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە سوپای رووسیا بڵاودەکەنەوە

K24 – هەولێر:

دەسەڵاتدارانی رووسیا  رایانگەیاند، کارکردنیان لە تیمی رۆژنامەوانی لێکۆڵەرەوە (CIT) قەدەغە کردووە، کە ئەو تیمە رۆژنامەوانییە بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە چالاکییەکانی سوپای رووسیا لە سەرانسەری جیهان ناسراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (10ـی ئابی 2023)، داواکاری گشتی رووسیا لە لە راگەیاندراوێکدا رایگەیاند، کە ئەم بڕیارەی داوە، چونکە تیمی سی ئای تی(CIT) بەشدار بوونە لە "هەڵمەتە پڕوپاگەندەییەکانی دژی رووسیا، کە لە دەرەوەی وڵاتەوە سەرچاوە دەگرن و ئامانجیان بەرەوپێشبردنی ناڕەزایەتی و بیرۆکەی تێکدەرانەیە".

لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، ئامانجی سەرەکی ئەم گروپە ڕۆژنامەنووسیە، کۆکردنەوە و بڵاوکردنەوەی زانیارییە لەسەر هێزە چەکدارەکانی رووسیا، بەتایبەتی زانیاری کەسی سەبارەت بە سەربازانی رووسیا، کە دواتر بۆ لەکەدارکردنیان بەکاریدەهێنن.

تیمی (CIT)  لە ساڵی 2014 لە رووسیا دامەزرا، بە بڵاوکردنەوەی لێکۆڵینەوەکانی ئەو هێزانەی رووسیا کە تێوەگلاون لە ململانێکانی ئۆکرانیا، تیمەکە چالاکییەکانی هێزەکانی رووسیای لە لیبیا، سوریا، کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست و ئۆکرانیا رووماڵ کرد، هاوکات لە رووسیا، هاوکارانی تیمەکە ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی توند دەبنەوە.

رووسلان لیڤیڤ، دامەزرێنەری تیمی سی ئای تی کە لە ئەمریکا دەژی و لە رووسیا دادگایی دەکرێت بەهۆی بڵاوکردنەوەی "زانیاریی ساختە" سەبارەت بە سوپای رووسیا، رایگەیاند، کە هەموو کارمەندەکانی لە دەرەوەی وڵاتن و "کەم تا زۆر سەلامەتن".

لە چاوپێکەوتنێکدا کە لە کەناڵی یوتیوبی رۆژنامەنووس ئەلێکساندەر پلیوشێڤ ئەنجامدرا، لیڤیڤ جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم قەدەغەکردنە "مەترسی جددی" بۆ خۆبەخشانی سی ئای تی دروست دەکات کە هێشتا لەسەر خاکی رووسیان.

ئاماژەی بەوەشکرد، کە "هەندێک لە "خۆبەخشەکانمان لە رووسیان، بەڵام نادیارن، ئێمە بنکەیەکی زانیاریمان نییە کە بتوانرێت هاک بکرێت بۆ ئەوەی ناوەکانیان دزەپێبکرێت، و هەوڵدەدەین هەموو ڕێوشوێنێک بگرینەبەر بۆ سەلامەتییان."

لە سەرەتای لەشکرکێشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە شوباتی 2022، دەسەڵاتدارانی رووسیا بە توندی سەرکوتکردنی ئەو کەسانەیان کردووە کە ئیدانەی  دەستپێکردنی جەنگیان لەلایەن رووسیاوە کردووە.

Fly Erbil Advertisment