کۆنگرێسمانێکی ئەمەریکی: دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکەین

K24 - واشنتن
کۆنگرێسمانێکی ئەمەریکی رایدەگەیەنێت، پەیوەندییەکی ستراتیژیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان لە رووی ئابووری و ئەمنییەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکەن، لەپێناو پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.
ئاندی بار، کۆنگرێسمانی ئەمەریکا بە کوردستان24ی گوت: "ئێمە ئەو پەیوەندییە ستراتیژیی و ئابوورییە گرنگەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەمانە بەرزی دەنرخێنین، دەزانین چەندین ئاڵنگاریی و هەڕەشە لە ناوچەکە و ئاسیای ناوەڕاست بە گشتی هەن، لەنێوان رووسیا و پارتی کۆمۆنیستی چین، هەروەها، رکابەرییەکی ستراتیژیش لەنێوان ئەمەریکا و چینیش هەیە، بۆیە گرنگە وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ ئەمەریکا هەبێت".
گوتیشی: "بیرو هزرمان لەگەڵ خەڵکی کوردستانە و چاومان لەوەیە پەیوەندییەکانمان لە رووی ئابووری و ئەمنییەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکەین، بۆ ئەوەی دڵنیایی ئەوە بدەین گرووپ و هێزە چەکدارەکانی سەر بە وڵاتان سەقامگیری وڵاتەکە نەشێوێنن".