هاوسەری فوئاد مەعسووم کۆچی دوایی کرد

K24 – هەولێر
رووناک عەبدولواحید مستەفا، هاوسەری فوئاد مەعسووم، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق کۆچی دوایی کرد.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان24ی راگەیاند، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ هەینی 11/8/2023، رووناک عەبدولواحید مستەفا، هاوسەری فوئاد مەعسووم، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق لە تەمەنی 81 ساڵیدا لە بەغدا کۆچی دوایی کرد.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، خاتوو رووناک ماوەیەک بوو باری تەندروستی ناجێگیر بوو، چارەسەری تەندروستی وەردەگرت.
رووناک عەبدولواحید مستەفا، لە دایکبووی ساڵی 1942ـە، دەرچووی پەیمانگای مامۆستایانە، لە ساڵی 1968 لەگەڵ فوئاد مەعسووم هاوسەرگیری کردووە،و دایکی پێنج کچە بەناوەکانی (شیرین، جوان، زۆزان، ڤیان و شیلان) هەروەها کوڕێکی هەبووە لە تەمەنی 15 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.
رووناک عەبدولواحید، وەکو ژنێکی کارا لە سەردەمی شاخدا بەشداری لە شۆڕش کردووە و دوای بوونی بە خانمی یەکەمی عێراق، لە ساڵی (2015-2017) وەک سەرۆكایەتیی رێكخراوی ژنانی عەرەبیی دەستنیشان کرا.