ئەکرەم ساڵح: ئامانجی پێکهێنانی حەشدی کوردی پەرتەوازەکردنی کورد و قوڵکردنەوەی کێشەکانە

K24 – هەولێر:
بەرپرسی لقی پارتی لە گەرمیان، رایدەگەیەنێت، دروستکردنی حەشدی کوردی لە ناوچەکانی کەرکووک و جێناکۆکەکان سەرەتایەکی مەترسیدارە بۆ پەرتەوازەکردنی نێوماڵی کورد و قوڵکردنەوەی کێشەکان، هاوکات دەشڵێت: حەشدی شەعبی هەمیشە هەوڵدەدات شەریعەت بە داگیرکارییەکانی بدات و دەبێت هەموو لایەنە کوردییەکان درک بەو مەترسییە بکەن.
ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی پارتی لە گەرمیان، بە ژووری هەواڵی کوردستان24ـی راگەیاند، لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە دوای خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە حەشدی شەعبی هەمیشە هەوڵیداوە لە ناوچەکانی کەرکووک، و ئەو ناوچەنای کە بە ناوچەی ماددەی 140 ناسراوە خەڵکی کورد چەکدار بکات، بۆ ئەوەی شەریعەت بەو داگیرکارییە بدەن کە ئەو گرووپە ئەنجامی دەدەن.
بەرپرسی لقی پارتی لە گەرمیان، راشیگەیاند، لە پێشوودا لە هاوڵەکانیان سەرکەوتوو نەبوون بۆ دروستکردنی حەشدی کوردی، بەڵام ئەمجارە لە ئەنجامی ناکۆکییەکانی یەکێتی لە قەزای دوزخورماتوو کەسایەتییەکی کورد کە بە "محەممەد عەریف" ناسراوە پەیوەندی کردووە بە حەشدی کوردی و ژمارەیەک چەکیان پێی داوە، کە ئەمڕۆ لە گەڕەکی جمهوری لە قەزای دوزخورماتوو نووسینەگەیەکی کردەوە، بەناوی نوسینگەی برایەتی کە سەر بە پەرلەمانتاری تورکمانی شیعی مەهدی ئامرلییە، ئەمە سەرەتایەکی خراپە بۆ ئەوەی کە خەڵک چاویان لێ بکات.
روونیکردەوە، ئەم کەسە ماوەیەکە ناونووسی گەنجان دەکات لە قەزای دوزخورماتوو، کە ناوی نزیکەی 100 کەسێکی تۆمارکردووە، بەڵام بە پێی زانیارییەکانی ئێمە تاکو ئێستا ئەو خەڵکانە چەکدار نەکراون، بەڵام ژمارەیەک چەکی سەرەتاییان پێدراوە بۆ ئەوەی وەک دەسپێکیک لە داهاتوو کاری زیاتر بکەن، هەر هەوڵێکی چەکدارکردنی کورد لەو ناوچانە مەترسی بۆ ئایندەی ئەو ناوچانە و بۆ پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغداش لە داهاتوودا هەیە.
ئەکرەم ساڵح، ئاماژەی بەوەشکرد، حەشدی شەعبی هەمیشە هەوڵدەدات شەریعەت بە داگیرکارییەکانی بدات و پێکهێنانی حەشدی کوردی سەرەتاییەکی مەترسیدارە، "هەر بەشدارییەکی تاکێکی کوردی لەو گروپە جۆرێکە لە خیانەت و جاشایەتی بەرامبەر بە خاکی کوردستان"، حەشدی شەعبی بەردەوام هەوڵدەدات دەست بەسەر ناوچە کوردستانییەکاندا بگرێت.
باسی لەوەشکرد، لە بەغدا ئاراستەیەک هەیە کە دەیەوێت پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا بەرەو خراپی ببات، هەوڵدەدەن لە ناوچەکانی ماددەی 140 بەردەوام پاشکشە بە کورد بکەن، ئەمەش لە راستیدا رەنگی داوەتەوە، لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە تا ئێستا رێژەی تەعریب بەردەوام لە هەڵکشاندایە، ئەو تەعریبەی لەو چەند ساڵەی رابردوو ئەنجامدراوە هێندەی ئەو تەعریبەیە کە سەدام ئەنجامی دابوو.
ئەکرەم ساڵح، گوتی: "ئامانجی پێکهێنانی حەشدی کوردی پەرتەوازەکردنی کورد و قوڵکردنەوەی کێشەکانە، نابێت هیچ کەس و لایەنێک پشتیوانی ئەم هەنگاوانە بکات، پێویستە هەموو لایەنەکان سەرکۆنەی ئەم کارە بکەن، ئەمە سەرەتایەکی مەترسیدارە زیاتر بۆ پەرتەوازەکردنی نێوماڵی کورد لەو ناوچانەدا، کاتێک کورد چەکدار دەکەن دەستەمۆ و ژێر دەستەیان دەکەن".
لەبارەی پەیوەدنییەکانی نیوان هەرێم و عێراق، بەرپرسی لقی پارتی لە گەرمیان، ئاماژەی بەوەکرد، عێراق پاشەکشەی پێوە دیارە لەو رێکەوتنانەی کە لە نێوان هەرێم و عێراقدا کراوە و ئاماژەیەکی مەترسیدارە ئەگەر پێشی پێ نەگیرێت، "دەبێت هەرێمی کوردستان راشکاوانە بڵێت ئەگەر هاوبەشین لەو وڵاتە دەبێت مافەکانمان پارێزراو بێت، ئەگەر هاوبەشیش نیین دەبێت هەڵوێستیکی دیکەمان هەبێت".
پێشتریش ئهدههم جومعه، دامهزرێنهری حهشدی شهعبی كوردی تایبهت به كوردستان24 رایگهیاندبوو، له چهند رۆژی داهاتوودا ئهو هێزه 150 كهسییهی له ساڵی 2020 له سنووری كهركووك دروست كرا، دووباره پێكدههێنرێتهوه و دهست به دهوامكردن دهكهنهوه. گوتیشی، پێكهێنانهوهی ئهو هێزه سهرهتا و دهرگایهكه بۆ ئهوهی حەشدی کوردی بچێته ناو ئهو هێزهوه.
كوردستان24 زانیویهتی له چهند رۆژی رابردوودا، ژمارهیهك فهرماندهی حهشدی شهعبی كۆبوونهوهیهكیان له سنووری كهركووك ئهنجامداوه بۆ پێكهێنانهوهی حهشدی كوردی كه له ئێستادا ژمارهیان 150 كهسه و ژمارهكهش زیاتر دهكرێت و بارهگای سهربازیش له سنووری شوان و لهیلان دادهمهزرێنن و فهرمانی راستهوخۆش له دهستهی حهشدی شهعبییهوه وهردهگرن.