داواکاری گشتی سەربەخۆ بۆ لێکۆڵینەوە لە کوڕەکەی بایدن دیاریدەکرێت

رۆبێرت هەنتەر بایدن
رۆبێرت هەنتەر بایدن

K24 – هەولێر:   

وەزیری دادی ئەمەریکا رایگەیاند، داواکاری گشتی سەربەخۆی دەستنیشانکردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە کوڕەکەی جۆ بایدن، کە تۆمەتبارە بە خۆدزینەوە لە باج.

مێرک گارلاند، وەزیری دادی ئەمەریکا، لە راگەیاندراوێکدا رایگەیاندووە، دەیڤید ڤیاس، داواکاری گشتی فیدراڵی بە پلەی یەکەم لێکۆڵینەوە لە "تۆمەتەکانی هەڵسوکەوتی تاوانکاری لەلایەن خەڵکەوە دەکات، لەنێویاندا رۆبێرت هەنتەر بایدن".

ئاماژەی بەوەشکرد، ڤایس پێی گوتووە کە لە لێکۆڵینەوەکەدا گەیشتووەتە قۆناغێک کە پێویستی بە دانانی لێکۆڵەرێکی تایبەتی پزیشکی دادوەری هەیە.

وەزیرەکە هیچ وردەکارییەکی پەیوەندیدار بە ناوەڕۆکی ئەو لێکۆڵینەوەیەی کە لەلایەن داواکاری گشتی نوێیەوە ئەنجام دەدرێت، ئاشکرا نەکردووە.

ئەم هەنگاوە لەناکاوە لە کاتێکدا هات کە جۆ بایدن بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی دووەم دەکات و کۆشکی سپی تا ئێستا هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەم هەواڵە نەداوە.

هەنتەر بایدن تەمەن 53 ساڵ، لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە تۆمەتبارە بە خۆدزینەوە لە باج و هەڵگرتنی چەکی ئاگرین لەکاتێکدا ئاڵودەبووی ماددە هۆشبەرەکان بووە.

بەڵام کۆمارییەکان بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، ساڵانێکە بە گەندەڵی تۆمەتباری دەکەن.

ئۆپۆزسیۆنی کۆمارییەکان هەنتەر بایدن تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە لە ئۆکرانیا و چین کارێکی گوماناوی ئەنجامداوە کاتێک باوکی جێگری سەرۆکی پێشووی باراک ئۆباما بووە لە ساڵەکانی (2009 تا 2017)، بە سود وەرگرتن لە ناو و پەیوەندییەکانی باوکی.

ئۆپۆزسیۆن جەخت لەوە دەکاتەوە، کە وەزیری داد بە هەر نرخێک بێت هەوڵدەدات بۆ ئەوەی سزای زیندانیکردن لە دژی کوڕی سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا بەدوور بگرێت.

هەروەها گوتەبێژی ترەمپ وەزارەتی دادی بە پاراستنی بنەماڵەی بایدن "بۆ دەیان ساڵە" تۆمەتبار کرد.

گوتیشی: "ئەگەر ئەم داواکاری گشتییە تایبەتە بەڕاستی سەربەخۆ بووایە، "ئەوا بە خێرایی دەگەیشتە ئەو ئەنجامەی کە جۆ بایدن و هەنتەری کوڕە کێشەدارەکەی و هاوکارەکانیان دەبێت بەرپرسیار بن لە کارەکانیان".

Fly Erbil Advertisment