کەسێک بە تۆمەتی دزینی پارەی سندووقی خێری نۆ مزگەوت لە شارەزوور دەستگیرکرا

K24 – سلێمانی

کەسێک بە تۆمەتی دزینی پارەی سندووقی خێری نۆ مزگەوتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستگیرکرا.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند "دوای ئەوەی ئاگادارکرانەوە لەلایەن ژمارەیەک پێشنوێژی سنووری قەزای شارەزوور، کە سندووقی خێری مزگەوتەکانیان بڕدراوەو پارەکەی دزراوە، مەفرەزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونەکانیان دەستپێکردوو توانرا لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی زەڕایەنی سەر بە بەشی پۆلیسی شارەزوورەوە تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو دەستگیربکرێت".

پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاند: "تۆمەتبار ( ج، م، ع) لە دایکبووی 2003 بە رەگەزنامە عەرەب، دانی بە تاوانەکەیدا ناوە کە لە نۆ  مزگەوتی سنورەکە دزی کردووە".

ئاماژە بەوەشکراوە "لە ئێستادا تۆمەتبار بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 443 لە یاسایی سزادانی عێراقی راگیراوەو لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە".