ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق: ئەمڕۆ دوو پرسیار ئاراستەی وەزیرانی دارایی و ناوخۆ دەکرێن

K24 - هەولێر
هەردوو وەزیری دارایی و ناوخۆی عێراق بانگهێشتی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان کراون و ئەندامێکی پەرلەمانیش دەڵێت، دوو پرسیاری فەرمیییان لەبارەی "گۆڕینی سیستەمی وەزارەتی دارایی" و "رێکارەکانی دەرچوونی پاسپۆرت و ناسنامەی هاووڵاتییان" ئاراستە دەکرێن.
ئەمڕۆ شەممە 12ـی ئابی 2023، شێراون دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق و بانگهێشتکردنی تەیف سامی، وەزیری دارایی و عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆیی ئەو وڵاتە بۆ پەرلەمان، میوانی بووڵتەنی "ئەمڕۆ"ـی کوردستان24 بوو.
بە گوتەی ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا دوو پرسیاری زارەکی لە وەزیرانی دارایی و ناوخۆی عێراق دەکرێن. لەبارەی ئەو پرسیارەی لە وەزیری دارایی دەکرێت، شێروان دووبەردانی ئەوەی خستەڕوو، پرسیار لەبارەی "رێکارەکانی گواستنەوەی سیستەمی وەزارەتی دارایی لە دیجیتاڵەوە بۆ 'ئەتمەتە' لە نێوان وەزارەتی دارایی، بانکەکان و دامودەزگاکانی حکومەت" ئارستەی وەزیری دارایی دەکرێت.
لەبارەی ئەو پرسیارەی لە وەزیری ناوخۆش دەکرێت، ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق گوتی، ئەندامانی پەرلەمان لەبارەی "دواکەوتنی دەرچوونی پاسپۆرت و ناسنامەی هاووڵاتییان بە شێوەیەکی گشتیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە" پرسیار ئاراستەی عەبدلئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە دەکەن.
وەکو ئەوەی شێروان دووبەردانی باسی کرد، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا تەنها ئەو دوو پرسیارە فەرمییە ئاراستەی هەردوو وەزیرەکەی کابینەی سوودانی دەکرێن، هەر بۆیە پەرلەمانتارە کوردەکان ناتوانن لەبارەی پرسی دواکەوتنی ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، پرسیار ئاراستەی وەزیری دارایی بکەن، "بەڵام دەتوانن دوای تەواوبوونی کۆبوونەکەوە، لە دەرەوەی هۆڵی پەرلەمان میوانداریی وەزیرەکە بکەن و ئەو پرسیارەی ئاراستە بکەن".
شێروان دووبەردانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش دا، لە ماوەی داهاتوودا ژمارەیەکی دیکەی وەزیرانی کابینەی محممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بانگهێشتی پەرلەمان دەکرێن و لەلایەن پەرلەمانتارانەوە پرسیاریان ئارستە دەکرێن.
بەگوێرەی کارنامەی دانیشتی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بهكرێدانی زهوییه كشتوكاڵییهكان دەدرێت، بەڵام بە گوتەی ئەو ئەندامەی پەرلەمان، پێشبینی دەکرێت دەنگدان لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایە بەهۆی نەبوونی رێککەوتن لەنێوان فڕاکسیۆنەکاندا، دوادەخرێت.