پلاسخارت: دەبێت دەنگی لاوانی عێراق ببیسترێت

K24 – هەولێر:
نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، رایگەیاند، لاوان بەمزووانە پێشەنگایەتی وڵات دەکەن و دەبێت دەنگی ئەوان ببیسترێت.
ئەمڕۆ شەممە (12ـی ئابی 2023)، جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، بەبۆنەی رۆژی جیهانی لاوانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە، لاوان 60%ـی دانیشتووانی عێراق پێکدەهێنن، گرنگە بەشدارییان پێبکرێت لە کایەکانی وڵات.
لە پەیامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لاوان بەمزووانە پێشەنگایەتی وڵات دەکەن و دەبێت دەنگی ئەوان ببیسترێت.
هاوکات سەرۆکوەزیرانی عێراق محەممەد شیاع سوودانی لە رۆژیی جیهانیی لاواندا پێشوازی لە لاوانی نوێنەری سەرجەم پارێزگاکانی عێراق کرد و رایگەیاند، 60%ـی دانیشتووانی عێراق تەمەنیان لە خوار 25 ساڵیدایە، ئەمەش بەرپرسیاریەتیەکی گەورەیە و پێوسیتە لە رێگەی سیاسەت و پلانی گونجاو خزمەت بە چینی لاوان بکرێت.
رێککەوتی 12ـی ئابی هەموو ساڵێک بە رۆژی جیهانی لاوان دەناسرێت، ساڵانە لەم رێککەوتە لاوان لە سەرتاسەری وڵاتە جیاوازەکاندا بە کۆمەڵێک چالاکی یادی ئەم رۆژە دەکەنەوە.