سەرۆکی شارەوانی هەولێر: هەوڵدەدەین گرنگی زیاتر بە زیادکردنی رێژەی سەوزایی بدەین

عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی هەولێر
عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی هەولێر

K24 - هەولێر:

عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی هەولێر رایدەگەیەنێت، "دەمانەوێت باشترین خزمەت بە هاووڵاتییانمان و شاری هەولێر بکەین"، هاوکات دەشڵێت: هەوڵدەدەین گرنگی زیاتر بە زیادکردنی رێژەی سەوزایی بدەین، ناوبراو گوتیشی: کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان بەردەوام دەبێت.

عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، رایگەیاند، "ئێمە لە کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆمان لە سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر، گشت ئەو خاڵانەی کە پێویستە بۆ خزمەتکردنی شاری هەولێر تاووتوێی دەکەین، بۆ ئەوەی بتوانین باشترین خزمەتگوزاری بگەینینە هاووڵاتییانی خۆمان".

هەروەها راشیگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا دووپاتی چەندین خاڵی گرنگیان کردووەتەوە، لەوانە، کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان بەردەوامبێت و پرۆسەکە خێراتر بکرێت لە گواستنەوەیان بۆ ناو شێڵتەرەکان، هاوکات داواشیان لە هەر شەش بەڕیوەبەرایەتی شارەوانی هەولێر کردووە، کە ئۆتۆمبێلی زیاتر وەک قەفەس ئامادەبکەن تا بتوانن پەلە بکەن لە کۆکردنەوەیان.

سەرۆکی شارەوانی هەولێر، دەشڵێت: لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەمان تیشکمان خستە سەر زیادکردنی رێژەی سەوزایی لەناو شاری هەولێر، هەروەها "جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە، کە دەبێت باخچە بۆ گەڕەکەکان شاری هەولێر دروست بکرێن، بۆ ئەم مەبەستەش بڕیارماندا، کە باخچەیەکی گەورە لە گەڕەکی "ژیان" دروست بکەین و بەردەوامیش دەبین لە دروستکردنی باخچە لە گەڕەکەکان".

لە گەڕەکی ژیانی شاری هەولێر باخچەیەکی گەورە لەسەر رووبەری زیاتر لە 17 هەزار مەتر دووجا  و بە گووژمەی زیاتر لە ملیارێک و 200 ملیۆن دینار دروست دەکرێت لەسەر داهاتی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر.

عەبدولواحید ئەحمەد، ئاماژەی بەوەشدا، شاری هەولێر لە ئیستادا فراوان بووە و بۆیە دەبێت رێژەی سەوزایی بە بەردەوام زیاد بکەن، لە ساڵی رابردوودا تاکوو ئێستا رێژەی سەوزایی بەرزکراوەتە بۆ 20%، هەروەها "لە هەوڵداین رێژەکە بۆ 25% بەرز بکەینەوە، پێشتر هەوڵماندەدا شەقامەکان زیاتر سەوز بکەین، بەڵام ئێستا هەوڵدەدەین سەوزایی بگوازینەوە ناو گەڕەکەکان، لەوێدا لە رێگەی دروست کردنی پارک خزمەتی زیاتر بکەین".

لەبارەی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکی ناوشار، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، گوتی: "هەولێرمان دابەشکردووە بۆ شەش بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی و شەش کۆمپانیای پاکردنەوەی زبڵ و خاشاکمان هەیە، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەو شارەوانیانە ئەو زبڵانە کۆدەکرێنەوە، رۆژانە زیاتر لە 2200 تۆن زبڵ و خاشاک لە هەولێر کۆدەکرێنەوە رەوانەی کانی قرژاڵە دەکرێن و لەوێدا ژێر خاک دەخرێن".

عەبدولواحید ئەحمەد، داواکاریشە لە هاووڵاتییانی شاری هەولێر، کە هاوکاری تیمەکانی شارەوانی بن و شارەکە بە پاک و خاوێن رابگرن و زبڵ فڕێ نەدەنە شوێنە گشتییەکان. ئاماژەی بەوەدا، "لە شوێنە گشتییەکان چەندین تەنەکەی تایبەت بە فڕیدانی زبڵ و خاشکامان داناوە تکامان وایە هاووڵاتییان پابەندبن بە فڕیدانی زبڵ و خاشاک بۆ ناو ئەو تەنەکە خۆڵانە".

ئەمڕۆ شەممە (12ـی ئابی 2023)، سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، لەپێناو پتەوکردن و کارەکردنی رۆڵی زیاتری بەڕێوەبەرایەتیەکان و کارە خزمەتگوزاریەکان، عبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، لەگەڵ جێگری سەرۆکی شارەوانی و لەگەڵ بەڕێوەبەری هەر شەش بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی و بەڕێوەبەری  خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی و بەڕێوەبەری پارکی سامی عەبدو لرەحمان و بەڕێوەبەری ئەندازەی پارک و باخچەکان و بەشێک لە بەرپرسی بەشەکان کۆبووەوە، لە کۆبوونەکەدا چەندین ئامانج بۆ بەدواداچوونی کارو پڕۆژە خزمەتگوراریەکان بەشێوەیەکی گشتی تێیدا تاووتوێ کرا.

لەمیانەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی شارەوانی هەولێر تیشکی خستە سەر چەندین خاڵی گرنگی خزمەتکردن بەمەبەستی برەودانی زیاتر بە ئاوەدانی و  پاک و خاوێنی ژینگەیی لە شاری هەولێر، هەروەها جەختی لە سەر هەماهەنگییەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان و کارەکانی هاووڵاتییان کردەوە بە ئامانجی خزمەتکردنی باشتر.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەی ئەمڕی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر بریتیبوون لە، دەستپێکردنی هەڵمەتێکی تۆکمەیی بۆ گواستنەوەی سەگی بێلانە بۆ شێڵتەر بەشێوەیەکی خێرا و هەنگاونانی زیاتر بۆ جێبەجێکردنی کارو پڕۆژەکان و قیرتاوکردنی شەقام لە سنووری گشت بەڕێوەبەرایەتییەکان، هەروەها بایەخدان بە پارک و باخچەکان و زیادکردنی رێژەی سەوزایی لە شەقامە گشتیەکاندا و کۆڵانەکان و بەردەوامبوون لە بەدواداچوونی تابلۆ و رێکلامەکانی بازرگانی هەروەها گۆڕینیان بۆ زمانی کوردی.

هاوکات باسیان لە رێکخستنەوەی سەنتەری شار و گشت شۆستە و شەقامە گشتییەکان لە سەرپێچی و ناڕێکی بازاڕ بەشێوەیەکی گشتی و بناغەیی کرد، هەروەها تیشکیان خستە سەر، چارەسەکردن و کۆکردنەوەی بەردەوامی  زبڵ و پاشماوەکان لە سنوری گشت شارەوانیەکاندا.

Fly Erbil Advertisment