بەهۆی بەرزی پلەی گەرما سبەی لە پارێزگایەکی عێراق پشووە

K24 – هەولێر:

بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، پارێزگای زیقار پشووی فەرمی بۆ سبەی یەکشەممە راگەیاند و دەوامی فەرمیشی لە رۆژەکانی دیکەی ئەم هەفتەیە کەمکردەوە.

رۆژی شەممە (12ـی ئابی 2023)، محەممەد هادی، پارێزگاری زیقار رایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، سبەی لە تەواوی دامودەزگاکان، جگە لە دەزگا ئەمنی و نەخۆشخانەکان پشووی فەرمییە.

پارێزگاری زیقار ئاماژەی بەوەش کرد، تەواوی رۆژانی دیکەی ئەم هەفتەیە دەوامی فەرمانبەران بۆ ماوەی یەک کاتژمێر کەمدەکرێتەوە و بەڕێوەبەرانی دامودەزگاکان سەرپشکن لەوەی ئەو کاتژمێرە لە سەرەتا یاخود کۆتایی دەوام کەمبکەنەوە.

هاوکات ئەمڕۆ لە پارێزگای دیالەش، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، ماوەی دەوامی فەرمانبەران لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا بۆ نیوە کەمکراوەیەوە و چاوەڕێ دەکرێت لە چەند شارێکی دیکەی ناوەڕاست و باشووری عێراق پشوو رابگەیەندرێت.

لە دوێنی هەینی (11ـی ئابی 2023)ـەوە شەپۆڵێکی گەرما ناوچەکانی عێراقی گرتووەتەوە کە لە هەندێک ناوچەدا پلەی گەرما گەیشتووەتە سەروو 50 پلەی سەدییەوە و بەپێی پشبینییەکانی کەشوهەواش ئەو شەپۆڵی گەرمایە تا رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبێت.

Fly Erbil Advertisment