ماددەی 140 لە عەللاوییەوە تا سوودانی

K24 – هەولێر
تەعریب کردنی ناوچە کوردستانییەکان لە شەستەکانی سەدەی رابردووەوە دەستیپێکردووە و تائێستاش لە هەندێک ناوچە بەردەوامە، لەدوای ئازادکردنی عێراق و لە نووسینەوەی دەستوور چەند ماددەیەک بۆ ئاساییکردنەوە و قەرەبووکردنەوەی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکان جێگیرکران، بەڵام تائێستا هیچیان جێبەجێ نەکراون.
لە سەردەمی رژێمی بەعس لە ساڵی 1968 تا ساڵی 2003 پێش رووخانی رژێمی بەعس تەعریب کردنی ناوچە کوردستانییەکان بەردەوام بوو، هەزاران هاووڵاتی کورد لە ناوچەکانی خۆیان راگوێزران و عەرەب لە شوێنی ئەوان نیشتەجێکران، هەروەها زەوی و موڵکی هاووڵاتییانی کورد دەستی بەسەردا گیرا، بەتایبەتی لەو ناوچانەی دەکەونە سنووری ماددەی 140 لە پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین.
دوای ئازادکردنی عێراق لە ساڵی 2003، لە دەستووری عێراق هەردوو ماددەی 53 و 58 جێگیرکران، لە ماددەی 53 ئاماژە بە جێبەجێکردنی خاڵی 143 کردووە بۆ کە تێیدا هاتووە، ئەو ناوچە کوردستانیانەی لە سەردەمی رژێمی بەعس داگیرکراون بگەڕێندرێنەوە سەر هەرێمی کوردستان، لە ماددەی 58 باس لە جێبەجێکردنی ماددەی 140 دەکات کە ناوچە کوردستانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
لە ساڵی 2004 حکومەتێکی راگوزەر بە سەرۆکایەتی ئەیاد عەللاوی لە عێراق پێکهێنرا، لەو قۆناغەدا دەستەیەک بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی پارێزگای کەرکووک پێکهێنرا، بەڵام بەهۆی تەمەنی کورتی کابینەکە ئەندامانی دەستەکە دیاری نەکراون و هیچ هەنگاوێکیش بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە نەنرا.
لە ساڵی 2005، کابینەیەکی دیکەی کاتی عێراق بە سەرۆکایەتی ئیبراهیم جەعفەری پێکهێنرا، لەو کابینەیەدا 13 کەس وەک دەستەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان هەڵبژێردران، بەڵام هیچ هەنگاوێکی کردەییان بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکان نەنا، تەنانەت زۆربەی ئەندامانی دەستەکە دژی ماددەی 140 بوون.
پاشان لە ساڵی 2008 یەکەم کابینەی حکومەتی عێراق دوای رژێمی بەعس بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی پێکهێنرا، لەوکاتدا جارێکی دیکە ئەندامانی دەستەی ماددەی 140 دیاریی کران، دەستەکە دەستی بە کارکرد و ئاماری ئەو کەسانەیان کۆکردەوە کە لە سەردەمی رژێمی بەعس راگوێزراون، هەروەها راپرسییەک لە ناوچە کوردستانییەکان کرا بۆ گەڕانەوەی خەڵکی رەسەنی ناوچەکە. لە ساڵی 2010 جارێکی دیکە نووری مالیکی بە سەرۆکوەزیرانی عێراق هەڵبژێردرایەوە کاراکردنی ماددە و بڕگەکانی دەستوور و هەنگاونان بۆ جێبەجێکردنیان بە تایبەتی ماددەی 140 یەکێک بوو لەو کارانەی کە بانگەشەی بۆ دەکرا، بەڵام بە کردەیی هیچ هەنگاوێکیان بۆ نەنا، ئەندامانی پێشتری دەستەکە کە لە 13 کەس پێکهاتبوو هەموو ئەندامەکان گۆڕدران، دواتر هادی عامری سەرۆکی رێکخراوی بەدر کە هیچ پۆستێکی حکومی نەبوو کرا بە سەرۆکی لیژنەی ماددەی 140.
دوای نووری مالیکی لە ساڵی 2014 حەیدەر عەبادی بوو بە سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە سەردەمی ئەویشدا جارێکی دیکە لیژنەی ماددەی 140 نوێکرایەوە و هادی عامری بە سەرۆکی لیژنەکە مایەوە، لە ساڵی 2017 هێزە میلیشاکانی عێراق ئەو ماددەیان پێشێل کرد و هێرشیان بۆ سەر کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان دەستپێکرد و دەستیان بەسەر ناوچەکەدا گرت، ئەمەش وایکرد جارێکی دیکە هەزاران کورد لەو ناوچانە ئاوارە بن و ماڵ و حاڵی خۆیان جێ بهێڵن، هەروەها تەعریب بە شێوازێکی فراوانتر دەستیپێکردەوە، رێگریش لەوە کرا کە بڕیارەکانی (قیادە سەورە) هەڵبوەشێنرێنەوە بەمەش فشاری زیاتر خرایە سەر خەڵکی رەسەنی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە.
لە کابینەی مستەفا کازمی، کە حکومەتەکە لە ئەنجامی خۆپیشاندان و هەڵبژاردنی پێشوەختە هاتبووە ئاراوە، لەوکاتیش هیچ هەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 نەنرا.
محەممەد شیاع سوودانی ئێستا سەرۆکوەزیرانی عێراقە، یەکێک لە بەڵێنەکان کە بەڵێنەکانی کە سەرکردایەتی کوردستان و کوردی داوە جێبەجێکردنی ماددەی 140ـە.