دەستەی پاڵپشتی رزگاری: یەکێتی سووکایەتی بە تەواوی دانیشتووانی رزگاری و کەسوکاری ئەنفالکراوان دەکات

K24 – گەرمیان:
دەستەی پاڵپشتی رزگاری رایگەیاند ئەمڕۆ سەردانی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتیان كردوو بەڵام "بەداخەوە ئەوەمان بۆ روونبووەوە هەتاکو ئێستاش رزگاری بە مەڵبەندی ئەنفال دانانرێت و دەستەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوەی لە مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی روویدا سووکایەتی بوو بە تەواوی دانیشتووانی رزگاری و کەسوکاری ئەنفالکراوان.
رۆژی دووشەممە (14ـی ئابی 2023) له راگهیهندراوێكدا دهستهی پاڵپشتی رزگاری رایگەیاندووە، "سەرەڕای هەڵسوکەوتێکی نابەرپرسانە و دوور لە هەموو بەهایەکی کۆمەڵایەتی و گەرمیانیانە لەگەڵ نوێنەری چین و توێژەکانی ناحیەی رزگاری قوربانیدەر و خەباتکار، ئەوەی ئەمڕۆ روویدا لەو کۆبوونەوەیە و ویسترا ئەنجام بدرێت، سوکایەتی بوو بەتەواوی دانیشتووانی رزگاری و کەسوکاری ئەنفالکراوان".
دهقی راگهیهندراوهكه:
کەسوکاری ئەنفالکراوان و دانیشتووانی ناحیەی رزگاری، دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی ئەو زوڵمەی لە ناحیەکەمان کرا، کە وەک سوکایەتییەک بوو بۆمان، کۆمەڵێک لە چین و توێژەکانی رزگاری بەیاننامەیاکمان بڵاوکردەوە و داوامانکرد وەک چۆن لەپێشوودا بڕیاری دروستکردنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان لە رزگاری دراوە، لەبەر سیراع و ململانێی و بەڵێنی پێش هەڵبژاردن دەستی بۆ نەبرێت و رزگاری کە مەڵبەندی ئەنفال و قوربانی دەستی "بەعسە" نەکرێتە قوربانی ململانێ.
بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ سەردانی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتیمان کرد، بەڵام بەداخەوە ئەوەمان بۆ روون بووەوە هەتاکو ئێستاش رزگاری بە مەڵبەندی ئەنفال دانانرێت لای بەشێک لە بەرپرسەکان، هەر ئەمڕۆ لەلایەن بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیانەوە پێمان گوترا، "رزگاری مەڵبەندی ئەنفال نییە"، ئەوە سەرەڕای هەڵسوکەوتێکی نابەرپرسانە و دوور لە هەموو بەهایەکی کۆمەڵایەتی و گەرمیانیانە لەگەڵ نوێنەری چین و توێژەکانی ناحیەی رزگاری قوربانیدەر و خەباتکار، ئەوەی ئەمڕۆ روویدا لەو کۆبوونەوەیە، کە ویسترا ئەنجام بدرێت سووکایەتی بوو بە تەواوی دانیشتووانی رزگاری و کەسوکاری ئەنفالکراوان.
ناحیەی رزگاری هەمان ئەوخەڵکانەی تێدا نیشتەجێیە کە پێشتر گوندەکانیان کردبووە بارەگا و لانکەی شۆڕش و کوردایەتی، بەڵام دیارە تێگەیشتنیان سەبارەت بە ئەنفال و شەهید و خەڵکە تێکۆشەرەکەی هەر تا ئەو ئاستەیە کە ئەمڕۆ روویدا.
دەستەی پاڵپشتی رزگاری
14-8-2023