شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی بودجە و مووچە سەردانی بەغدا دەکات

K24 - هەولێر
بڕیارە ئەمڕۆ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق لەبارەی بودجە و مووچە سەردانی بەغدا بکات.
لەوبارەوە پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاندبوو، بابەتی یاسای بودجە تەوەری سەرەکی گفتوگۆی شاندی هەرێم و حکومەتی عێراق دەبێت.
جەختیشی کردەوە: "هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکی سەرشانی خۆی جێبەجێکردووە و چاوەڕێی ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەکەین".
وتەبێژی حکومەت، گوتیشی: "مووچەی هاونیشتیمانییان ئەولەوییەت دەبێت لەکاتی گەیشتنی بودجە لە بەغداوە".
ئاماژەی بەوەشدا "سەرۆکوەزیران لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راسپاردووە، بۆ ئەوەی هەموو هاوکارییەکی تیمە تەکنیکییەکانی عێراق بکەن و هیچ پرسیارێکیان بەبێ وەڵام نەمێنێتەوە".
بڕیاریشە یەکشەممەی داهاتوو شاندێکی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێ کردنی یاسای نەوت و گاز سەردانی بەغدا بکات و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت دەستوور بنەما بێت لەبابەتی یاسای نەوت و گازدا.
ئەمە لەکاتێکدایە لە رۆژی دووشەممە 7ـی ئابی 2023، رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی کە وەزارەتی دادی عێراق دەری دەکات، رێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق بڵاوکردەوە، بەڵام تائێستا پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق خەرج نەکراوە.
دوو رۆژ لەمەوبەر د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی گوتبوو "ئەم مانگە حکومەتی فیدراڵی تەواوی پشکی هەرێمی کوردستان، کە لە یاسای بودجەی گشتیدا جێگیرکراوە و نزیکەی تریلیۆنێک و 250 ملیار دینارە، دەنێرێت و جەختی لەوە کردەوە، "هیچ بیانوویەک بۆ نەناردنی نەماوە".