ژمارەی قوربانیانی تەقینەوەکەی رووسیا بەرزبووەوە

دیمەنێکی تەقینەوەی بەنزینخانەکە
دیمەنێکی تەقینەوەی بەنزینخانەکە

K24 - هەولێر

ژمارەی قوربانیانی تەقینەوەکەی مەخەچکەڵای پایتەختی کۆماری داغستانی سەر بە رووسیا بۆ 105 کەس بەرزبووەوە. 13 لەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە منداڵن و برینی بەشێک لە بریندارەکانیش سەختە.

دەرنگانی شەوی رابردوو (دووشەممە 14ی ئابی 2023)، تەقینەوەیەک لە یەکێک لە بەنزینخانەکانی مەخەچکەڵای پایتەختی کۆماری داغستانی سەر بە رووسیا روویدا و بە گوێرەی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی داغستان، بەهۆی تەقینەکەوە، 30 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 75 کەسی دیکەش بریندارن.

هەر بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی داغستان، 13 لەو 30 کەسانەی گیانیان لەدەستداوە، منداڵن. تەقینەوەکە لە شوێنێکی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل لەسەر رێگەی خێرای مەخەچکەڵا روویداوە. ئاگر کەوتووەتەوە، دواتر پەرەی سەندووە و گەیشتووەتە بەنزینخانەکە و بەهۆیەوە تەقینەوەکە روویداوە.

دوای رووداوەکە، ڤیکتەر فیسێنکە، جێگری یەکەمی وەزیری تەندروستیی رووسیا، بە فڕۆکە گەیشتە داغستان بۆ چاودێریکردنی رەوشی بریندارەکان. ژمارەیەک برینداری تەقینەوەکە بە فرۆکەی تایبەتی وەزارەتی رووداوە لەناکاوەکان گواسترانەوە نەخۆشخانەکانی مۆسکۆی پایتەختی رووسیا.

بەهۆی ئەم رووداوە ماتەمینی لە تەواوی کۆماری داغستان راگەیاندراوە. سێگری میلیکۆڤ، حاکمی کۆماری داغستان رایگەیاند، تەقینەوەکە بەجۆرێک بەهێزبووە ئاگر تا دووری 600 مەتر چوارگۆشە لە شوێنی تەقینەوەکەوە چووە و ئاماژەی بەوەش دا، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە. 

کۆماری داغستان، کە کۆمارێکی موسڵمانە، یەکێکە لە 83 بەشی پێکهێنەری فیدراسیۆنی رووسیا و دەکەوێتە ئەوپەڕی باشووری وڵاتەکە. ماخاچکالا کە پایتەختەکەیەتی بە نزیکەیی 1600 کیلۆمەتر لە مۆسکۆوە دوورە. بە گوێرەی دوایین سەرژمێری، ژمارەی دانیشتووانی سێ ملیۆن و 209 هەزار و 781 کەسە.

Fly Erbil Advertisment