تونس: ئامادەکاری دەکەین بۆ ناشتنی تەرمی کۆچبەرە خنکاوەکان کە ژمارەیان زیاتر لە 100 کەسە

K24 - هەولێر
ئاماری گیان لەدەستدانی ئەو کۆچبەرانەی لەچەند رۆژی رابردوو گیانیان لەدەستدا، گەیشتە 104 کەس، ئەمەش دوای دۆزینەوەی تەرمی کۆچبەرانی دیکە لە کەناراوەکانی تونس.
شانەی قەیران کە ئەرکی بەدواداچوونە بۆ ناشتنی لاشەی کۆچبەرە نایاساییەکانە لە نەخۆشخانەی سەفاقس بڕیاریدا "خێرا شیکردنەوەی 104 تەرمەکە بنێرێت بۆ تاقیگەی ناوەندی لە پایتەخت بۆ بەدەستهێنانی ئەنجام و ئامادەکردنی گۆڕستانەکان بۆ ناشتنیان"، ئەمەش دوای ئەوەی ژمارەی گیانلەدەستدانی ئەو کۆچبەرانە بەرزبووەوە.
ئاژانسی هەواڵی تونس رایگەیاند، رۆژی دووشەممە، بەلەمێکی کۆچبەران لەکەناراوەکانی تونس وەرگەڕا، پێنج کۆچبەر گیانیان لەدەستدا، هەروەها حەفت کەسی دیکەش بێسەروشوێن بوون و 23ی دیکەش رزگارکران.
لەماوەی ئەو هەفتانەی دواییدا، رێژەی کۆچکردنی کۆچبەران لە ڕێگەی تونس بۆ کەناراوەکانی ئیتاڵیا زیادی کردووە.
بەرپرسێکی تونس رایگەیاند، لە سەرەتایی ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 700 تەرمی کۆچبەران لە گۆڕستانەکانی شارەوانی سەفاقس نێژراون.
لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی ناوخۆی تونس رایگەیاند، لەمساڵدا تەرمی 901 کۆچبەرمان لە کاناراوەکانی تونس دۆزیوەتەوە.