سیپان شێروانی: چوونی شاندی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا بۆ په‌له‌كردنه له گه‌یشتنی ماف و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هەولێر:
شاندێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ته‌واوكردنی رێككه‌وتنه‌كان سه‌باره‌ت به جێبه‌جێكردنی یاسای بوودجه و ناردنی به‌شه‌بوودجه و مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات، هاوكات په‌رله‌مانتارێك ده‌ڵێت، چوونی ئه‌و شانده بۆ په‌له‌كردنه له جێبه‌جێكردنی بوودجه و گه‌یشتنی ماف و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان.
ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه 15ـی ئابی 2023) سیپان شێروانی، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق تایبه‌ت به كوردستان24 رایگه‌یاند، ئه‌و شانده‌ی هه‌رێمی كوردستان كه ئه‌مڕۆ ده‌چێته به‌غدا، دارایی و ته‌كنیكییه، گوتیشی بابه‌ته‌كه روونه، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به زیاده‌وه ئه‌وه‌ی له‌سه‌ری بووه جێبه‌جێی كردووه. جه‌ختیشیكرده‌وه چوونی ئه‌و شانده بۆ په‌له‌كردنه له جێبه‌جێكردنی بوودجه و گه‌یشتنی ماف و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان.
هه‌روه‌ها سیپان شێروانی باسی له‌وه كرد، جێبه‌جێنه‌كردنی بوودجه وه‌كو خۆی و وه‌ك ئه‌وه‌ی له یاسای بوودجه‌دا هاتووه، په‌یوه‌سته به چه‌ند بابه‌تێكه‌وه، له‌وانه؛ حكومه‌تی فیدڕاڵی ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر هێزه سیاسییه‌كاندا ناشكێ، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه زۆربه‌ی هێزه‌كان به‌سه‌ر بڕیاره‌كانی حكومه‌ت ده‌ستڕۆیشتوون.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، هه‌ندێك لایه‌نی كوردی كاریگه‌ری نه‌رێنیان به‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته هه‌یه، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌و لایه‌نانه زانیاری هه‌ڵه به حكومه‌تی فیدڕاڵی، دادگه‌ی فیدڕاڵی و وه‌زاره‌تی دارایی عێراق و دیوانی چاودێری دارایی ده‌ده‌ن، كه ئامانجیشیان بریتییه له دروستكردنی كۆسپ له‌به‌رده‌م گه‌یشتنی ماف و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان.
به گوته‌ی سیپان شێروانی ئه‌گه‌ر ئه‌و شانده نوێیه‌ی هه‌رێمی كوردستان رێككه‌وتنی كۆتایی بكات، بۆ له‌مه‌ودوا سه‌باره‌ت به ناردنی بوودجه و مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستان پێویست به ناردنی شاندی هه‌رێمی كوردستان و بڕیاری مانگانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق ناكات، به‌ڵكو چوونی شاند سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته كۆتایی دێت و پڕۆسه‌كه ده‌بێته پڕۆسه‌یه‌كی ئاسایی.
بڕیارە ئەمڕۆ سێشه‌ممه 15ـی ئابی 2023، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق لەبارەی بودجە و مووچە سەردانی بەغدا بکات.
لەوبارەوە پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاندبوو، بابەتی یاسای بودجە تەوەری سەرەکی گفتوگۆی شاندی هەرێم و حکومەتی عێراق دەبێت.
جەختیشی کردەوە: "هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکی سەرشانی خۆی جێبەجێکردووە و چاوەڕێی ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەکەین".
گوتەبێژی حکومەت، گوتیشی: "مووچەی هاونیشتیمانییان ئەولەوییەت دەبێت لەکاتی گەیشتنی بودجە لە بەغداوە".
ئاماژەی بەوەشدا "سەرۆکوەزیران لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راسپاردووە، بۆ ئەوەی هەموو هاوکارییەکی تیمە تەکنیکییەکانی عێراق بکەن و هیچ پرسیارێکیان بەبێ وەڵام نەمێنێتەوە".
بڕیاریشە یەکشەممەی داهاتوو شاندێکی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێ کردنی یاسای نەوت و گاز سەردانی بەغدا بکات و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت دەستوور بنەما بێت لەبابەتی یاسای نەوت و گازدا.
ئەمە لەکاتێکدایە لە رۆژی دووشەممە 7ـی ئابی 2023، رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی کە وەزارەتی دادی عێراق دەری دەکات، رێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق بڵاوکردەوە، بەڵام تائێستا پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق خەرج نەکراوە.
دوو رۆژ لەمەوبەر د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی گوتبوو "ئەم مانگە حکومەتی فیدراڵی تەواوی پشکی هەرێمی کوردستان، کە لە یاسای بودجەی گشتیدا جێگیرکراوە و نزیکەی تریلیۆنێک و 250 ملیار دینارە، دەنێرێت و جەختی لەوە کردەوە، "هیچ بیانوویەک بۆ نەناردنی نەماوە".