نووری عوسمان: پارتی لەپێناو یەکڕیزی گەلی کورد هەمیشە قوربانی داوە

نووری عوسمان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان
نووری عوسمان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایدەگەیەنێت، پارتی دیموکراتی کوردستان، کوردی بە تەواوی دنیا ناساند و پێشەنگی بەدەستهێنانی دەستکەوتەکانی گەلی کوردە، هاوکات دەشڵێت: پارتی لەپێناو یەکڕیزی گەلی کورد هەمیشە قوربانی بە دەستکەوتەکانی خۆی داوە.

نووری عوسمان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان تەنیا حزبێک نییە، بەڵکو قوتابخانەیەکی گەورەی کوردایەتییە، هەروەها پارتی دیموکراتی کوردستان تەعبیر لە نەتەوەی کورد دەکات و رابەرایەتی هەموو شۆڕشەکانی کوردی کردووە.

ئەو ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی دەشڵێت: جەنەڕاڵ بارزانی نەمر و سەرۆک بارزانی کوردیان بە هەموو جیهان ناساند، هاوکات هەموو دەستکەوتە مێژووییەکانی کورد لەسەر دەستی پارتی بووە.

باسی لەوەشکرد، پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوام دەبێت بۆ داواکردنی مافی رەوای گەلی کورد و هەروەها پێشەنگی بەدەستهێنانی دەستکەوتەکانی گەلی کوردە.

نووری عوسمان، ئاماژەی بەوەشدا، پارتی دیموکراتی کوردستان خاوەنی دۆزی رەوای ملەتی کورد بووە، هیچ وڵاتێک لە سەر ئاستی جیهان نییە پارتی پەیوەندی لەگەڵ نەبووبێ و دۆزی رەوای ملەتی کوردی پێ نەناساندبێ.

ئەو ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی، دووپاتیکردەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە کاری بۆ یەکرێزی گەلی کورد کردووە.

گوتیشی: پارتی دیموکراتی کوردستان، لەپێناو یەکڕیزی گەلی کورد هەمیشە قوربانی بە دەستکەوتەکانی خۆی داوە.

ئەمڕۆ 77 ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان تێدەپەڕێت، پارتی دموکراتی کوردستان لە ساڵی 1946 بە رابەرایەتی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی و بە هەوڵ و کۆششی چەند کەسایەتییەکی دیکەی دیاری باشووری کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرێندرا.

لە 16ی ئابی ھەمان ساڵیش پارتی  یەکەمین کۆنگرەی گرێدا و مەلا مستەفا بارزانی وەکو سەرۆک و رێبەری ئەو حزبە هەڵبژێردرا.

لە ساڵی 1961 بەهۆی زوڵمی زۆری ئەو کاتەی دەسەڵاتدارانی بەغدا و پاشگەزبوونەوەیان لە پێدانی مافەکانی گەلی کوردستان، پارتی بڕیاری هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوولی دا، کە ئەو کات بەشێکی زۆر لە گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەژێر دەستەییدا دەیانناڵاند.

کوردستانیان لەسەرەتای دەستپێکردنی شۆڕشی ئەیلوول، تاوەکو ئێستا بەمتمانەی زۆرەوە پشتیوانیان لە پارتی کردووە و لە سەرجەم ئەو هەڵبژاردنانەی لە کوردستان بەڕێوەچوون پارتی دیموکراتی کوردستان حزبی یەکەم بووە.

لە ساڵی 1970 لە ئەنجامی شکستە یەک لە دوای یەکەکانی حکومەتی ئەو کاتەی عێراق بەرانبەر بە شۆڕشی ئەیلوول بە رێبەرایەتی بارزانی، حکومەت ناچاربوو داوای دانوستان بکات، لە 11 ی ئاداری هەمانساڵیش رێککەوتننامەی 11 ی ئادار لەنێوان سەرکردایەتی شۆڕش و حکومەت راگەێندرا، کە تێیدا دان بە مافەکانی گەلی کورد نران و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان قبوڵکرد، بەڵام دوای تێپەڕبوونی چوار ساڵ بەسەر رێککەوتننامەکە حکومەتی بەعس لەو بەڵینانەی کە بە کوردی دابوو پاشگەزبووەوە و هەوڵی تیرۆرکردنی رێبەری شۆڕشی کوردستان مستەفا بارزانی دا، دوای ئەوەش جارێکی دیکە شەڕ لەنێوان کورد و رژێمی بەعس سەریهەڵدایەوە، لە ساڵی 1975 رێککەوتننامەی جەزائیری لەگەڵ ئێران واژۆکرد.

بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی و  ئیدریس بارزانی جارێکی دیکە پارتی خەباتی چەکداری لەژێر ناوی شۆرشی گوڵان دەستپێکردەوە، لە ساڵی 1979 دوای كۆچی دوایی مستەفا بارزانی، سەرۆک بارزانی بە سەرۆکی پارتی هەڵبژێردرا.

پارتی رۆڵێكی بەرچاوی لە دامەزراندنی بەرەی كوردستانیی هەبووە، کە بووە سەرەتاییەک بۆ دەستپێکردنەوەی خەباتێکی نوی لەگەڵ هێزە کوردستانییەکان و راپەڕینی بەهاری 1991 لێهاتە بەرهەم.

لە ساڵی 2017 سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتەی هەرێمی کوردستان بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم سەربەخۆیی کوردستان دەرکرد، پارتیش بە فراوانی پشتیوانی لەو پرۆسەیە کرد و بەشداری کارایان لە هەڵمەتەکان و رۆژیی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە 25ی ئەیلول دا کرد، کە زیاتر لە 93%ی کوردستانیان دەنگیان بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی دا.

لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و عێراقیش جارێکی دیکە خەڵکی کوردستان متمانەیان بە پارتی دایەوە و بە دەنگی خەڵک بووە هێزی یەکەمی کوردستان و یەکێک لە هێزە هەرە کاریگەرەکانی عێراق، ئەو ئەنجامانەش دووپاتیانکردەوە کە پارتی هەمیشە لە بەرەی خەڵک بووە و بە پشتیوانی خەڵک داکۆکیکاری سەرەکی مافەکانی خەڵکی کوردستانە.

Fly Erbil Advertisment