جەعفەر ئێمینکی: لایەنە کاریگەرەکانی ئیدارەی دەوڵەت جەختیان لە ناردنی بەشە بودجەی هەرێم کردەوە

K24 – هەولێر:
بەرپرسی بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی پارتی، رایدەگەیەنێت، پارتی دەتوانێت ئایندەیەکی گەشتر بۆ خەڵکی کوردستان دەستەبەر بکات و پارتی خوازیاری پەیوەندییەکی باشە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، لەبارەی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: لایەنە کاریگەرەکانی ناو هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت جەختیان لە ناردنی بەشە بودجەی هەرێم کردەوە.
جەعفەر ئێمینکی، بەرپرسی بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی پارتی، بە ژووری هەواڵی کوردستان24ـی راگەیاند، پارتی بۆ خەڵکی کوردستان خاوەنی دەستکەوتە دەتوانێت ئایندەیکی گەش بۆ خەڵکی کوردستان بەدەست بهێنێت، پارتی فاکتەری سەقامگیرییە لە کوردستان، عێراق و ناوچەکە، هەروەها پارتی هەمیشە ئاواتەخوازە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەموو لایەنەکان لە ئاستێکی باش دابن.
لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتی، بەرپرسی بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی پارتی، دەڵێت: ئیرادەی ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ یەکێتی بەهێزە، هەردوولامان درک بەوە دەکەین رێککەوتنی پێشووتر پێوستییەکی نیشتمانی بووە، رێککەوتنی نوێشمان پێوستییەکی نیشتمانی دیکە کە پێویستە هەبێت.
ئاماژەی بەوەشدا، "ئێمە رۆژێک لە رۆژان نەمانویستوە بە تەنیا لەو هەرێمە بەرپرسیاربین، هەمیشە ویستوومانە هاوبەشمان هەبێت، پارتی دڵسۆز و خەمخۆر بووە، ئێمە زۆر جار بە گلەیین لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کە وەک پێویست پابەند نەبوونە بە رێککەوتنەکان و بە پرینسیپەکانی هاوبەشی، لەکاتی دەستکەوت ئامادەبوون لەگەڵ پارتی، بەڵام ئەو کاتەی ئەرکەکان لەسەر پارتی قورس بووە، ئەوان پابەند نەبوون بە جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانە".
لەبارەی پەیوەندییەکانی پارتی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان، جەعفەر ئێمینکی، گوتی: "پەیوەندییەکانی پارتی لەگەڵ هەموو لایەنە عێراقییەکان لە ئاستێکی باشدایە، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سوونەکان زۆر باشە، بەڵام پەیوەندییەکانمان لەگەڵ شیعەکان دوو جۆرە، لەگەڵ هەندێک لایەنییان پەیوەندیمان باشە، لەگەڵ هەندێک لایەنی دیکەشەیان وەک پێویست نییە".
دووپاتیکردەوە، عێراق لە پڕۆسەی دیموکراسی بەرەوە دواوە چووە، ئێمە پابەندین بە رێککەوتنەکان و دەستوور، بەڵام هەندێک لایەن پاشگەزبوونەوە لە بەڵێنەکانیان و پابەند نەبوون بە دەستوور.
ناوبراو راشیگەیاند، فەرهەنگی پارتی دیموکراتی کوردستان راستگۆییە لەگەڵ دۆستەکانی خۆیدا، بەڵام بەداخەوە لە بەغدا هەندێک لایەنە بەرژەوەندیخوازن و بە راستگۆیی مامەڵەیان نەکردووە.
بەرپرسی بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی پارتی، ئەوەشی خستەڕوو، پارتی سازش لەسەر مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان ناکات، گوتیشی: پارێزگاری لە مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین و بەردەوامیش دەبین.
جەعفەر ئێمینکی، لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشدا، پارتی بایەخی بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی داوە، پەیوەندییەکانی لەگەڵ دراوسێکانی لە ئاسێکی باشدایە.
سەبارەت بە کۆبوونەوەی شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، بەرپرسی بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی پارتی، گوتی: لێکتێگەشتنێکی باش هەبووە لەنێوان پارتی و لایەنە سیاسییەکانی عێراق، لایەنە کاریگەرەکانی ناو هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت جەختیان لە ناردنی بەشە بودجەی هەرێم کردەوە، بە راشکاوی بە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراقیان راگەیاند، ناکرێت مووچەی هەرێمی کوردستان نەنێرن، هەروەها عەمار حەکیمیش، سەرۆکی رەوتی حیکمە لەسەر ئەو پرسە رایگەیاند، نەناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دژی ئەخلاقی حکومڕانییە.
گوتیشی: ئامادەییان هەبوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، پەیامەکشمان بەهەند وەرگیرا و هەندێک لەو پرسانەش کە تێبینی هەیە لە نێوانمان بە زووترین کات چارسەر دەکرێن.