وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە ریازی پایتەختی سعوودیە
K24 - هەولێر
وەزیری دەرەوەی ئێران حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان ئەمڕۆ پێنجشەممە گەیشتە ریازی پایتەختی سعوودیە، ئەمەش بۆ یەکەم جارە عەبدوڵاهیان سەردانی سعودیە بکات لەوەتەی پەیوەندییەکانی نێوانیان دەستی پێکردووەتەوە.
ئاژانسی هەواڵی ئێران ئێرنا رایگەیاند، "ئەمیر عەبدوڵاهیان ئەمڕۆ بە سەردانێکی فەرمی گەیشتۆتە فڕۆکەخانەی ریاز، هەروەها لەلایەن جێگری وەزیری دەرەوەی سعوودیەوە پێشوازی لێکراوە".
بەگوێرەی تەلەفزیۆنی حکومەتی ئێران، سەردانەکە تیشک دەخاتە سەر پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان.
سعوودیە لە ساڵی 2016 ەوە، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراندا پچڕاند، ئەمەش پاش ئەوەی خۆپیشاندەرانی ئێران هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەکەی سعوودیە لە تاران و کونسوڵخانەکەی لە مەشهەد، بۆ ناڕەزایی خۆیان لە دژی لەسێدارەدانی کەسایەتی ناوداری شیعە نەمر ئەلنەمر لە لایەن ریاز.
بەڵام هەردوو وڵات رێککەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان و کردنەوەی باڵیۆزخانەکانیان دوای ئەوەی لە مانگی ئاداردا رێککەوتنەکە بە رێککەوتنێکی چاوەڕواننەکراو کۆتایی هات.
ڕیاز دوای ئەوە هەوڵەکانی بۆ ئاشتی لە یەمەن چڕتر کردووەتەوە، لەوێ سەرکردایەتی هاوپەیمانێتییەکی سەربازی دەکات کە پشتیوانی لە حکومەتی یەمەن دەکات دژی حوسییەکانی نزیک لە ئێران.
تاران عەلیڕەزا عینایەتی باڵیۆزی پێشووی خۆی لە کوێت وەک باڵیۆزی نوێی خۆی لە ریاز دەستنیشان کرد، ئەمیر عەبدوڵڵاهان لەم هەفتەیەدا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، کە عینایەتی لەگەڵی دەبێت لە گەشتەکەی بۆ سعوودیە بۆ ئەوەی بە فەرمی دەست بە ئەرکەکانی بکات.
سەردانەکەی ئەمیر عەبدوڵاهیان دوای سەردانەکەی شازادە فەیسەڵ بن فەرحان بۆ تاران دێت، کە بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2006 ەوە وەزیری دەرەوەی سعوودیە سەردانی تاران دەکات، لەوێ گفتوگۆیان لەسەر ئاسایش و ئابووری و گەشتیاری و گواستنەوە کردووە.
میدیاکانی ئێران رایانگەیاند، هەفتەی ڕابردوو باڵیۆزخانەی سعوودیە لە تاران دەستی بە چالاکییەکانی کردەوە، بەڵام ڕیاز ئەوەی پشتڕاست نەکردۆتەوە.
میدیاکانی ئێران پێشتر دواخستنی کردنەوەی باڵیۆزخانەی سعوودیەیان بەهۆی بارودۆخی خراپی بیناکە دانا کە لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2016 دا زیانی بەرکەوت.
بە گوێرەی میدیاکان، دیپلۆماتکارانی سعوودیە لە شوێنێکی سەلامەت لە هۆتێلێکی گرانبەها لە تاران کار دەکەن.