چین مانۆڕە سەربازییەکانی لە نزیک تایوان دەستپێکرد

 K24 - هەولێر

سوپای چین مانۆڕی سەربازی بۆ هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانی لە دەوروبەری دوورگەی تایوان دەستپێکرد، لەم هەنگاوەدا پەکین ئامانجی ئەوەیە هۆشداریی توند بداتە تایوانو  هاوپەیمانەکانی.

ئەمڕۆ شەممە، مانۆڕی سەربازی بۆ هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانی لە دەوروبەری دوورگەی تایوان دەستپێکرد، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ سەردانەکەی ویلیام لای، جێگری سەرۆکی تایوان بۆ ئەمەریکا، هەروەها تایوانیش بە توندی ئیدانەی ئەو مانۆڕەی کرد کە بە رەفتارێکی ناعەقڵانی و ئیستفزازی وەسفی کرد و رایگەیاند، کە 42 فڕۆکەی سەربازی چینی چوونەتە ناو ناوچەی بەرگری ئاسمانی تایوان، بەڵێنیشیدا هێزی گونجاو بۆ وەڵامدانەوەی رەوانە بکات.

وتەبێژی سەربازی شی بە ئاژانسی شینهوای چینی راگەیاندووە، سوپای وڵاتەکەی لە رۆژی شەممەوە لە دەوروبەری تایوان دەستیکردووە بە مانۆڕی سەربازیی، ئەمەش بە ئامانجی تاقیکردنەوەی توانای سوپای رزگاریخوازی گەل بۆ کۆنتڕۆڵکردنی 16 ناوچەی ئاسمانی و دەریایی و شەڕکردن لە بارودۆخی شەڕی راستەقینەدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم مانۆڕانە کە پەکین بە هۆشدارییەکی توندی زانیوە، دوای سەردانە کورتەکەی ویلیام لای، جێگری سەرۆکی دوورگەکە بۆ ئەمەریکا دێت.

لای، کە بە پێشەنگی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تایوان لە ساڵی داهاتوودا دادەنرێت، لە کاتی گەشتەکەیدا بۆ پاراگوای، سەردانیێکی کورتی بۆ ئەمەریکا کرد.

چین لای بە کێشە ساز ناوبرد و بەڵێنیدا رێوشوێنی یەکلاکەرەوە و زۆرەملێ بۆ پاراستنی سەروەری نیشتمانی بگرێتەبەر.

ئاژانسی هەواڵی شینهوا راشیگەیاندووە، مەبەست لەم مانۆڕە وەک هۆشدارییەکی توندە بۆ جوداخوازانی تایوان کە داوای سەربەخۆیی لەگەڵ بیانییەکان دەکەن.