ئەفسەرێکی فەرەنسا لە عێراق گیانی لەدەستدا

K24 - هەولێر
ئەفسەرێکی سەربازیی فەرەنسا لە رووداوێکی هاتووچۆدا، لە عێراق گیانی لەدەستدا و ئەفسەرێکی دیکەی ئەو وڵاتەش بە سەختی بریندارە. ئیمانوێل ماکرۆن لەبارەی رووداوەکەوە قسەیکرد و، پشتگیری وڵاتەکەی بۆ گەل و دەسەڵاتدارانی عێراق دووپاتکردەوە.
درەنگانی شەوی رابردوو، 18ـی ئابی 2023، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند: "سەربازێکی فەرەنسی لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە عێراق گیانی لەدەستدا، کاتێک خەریکی بەجێگەیاندنی ئەرکێکی مەشق و راهێنان بووە بە هێزە چەکدراەکانی عێراق".
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی هێزە چەکدارەکان (بەرگری)ـی فەرەنسا لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو، ئەفسەرەکە ناوی "باپتیست گاوچۆ"ـیە و پلەی نەقیبی هەیە؛ کاتێک ئۆتۆمبێلەکەی لە رێوڕەوی خۆی لایداوە و لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە، زۆر بە سەختی برینداربووە. ئاماژەی بەوەش کردووە، لە نەخۆشخانەی هەولێر نەشتەرگەرییەکی بەپەلە بۆ ئەو ئەفسەرە کراوە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
کۆشکی سەرۆکایەتی فەرەنسا (ئیلیزێ) لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا "بەدڵتەنگییەکی زۆرەوە هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەفسەر باپتیست گاوچۆی سەر بە فەوجی 19ـی ئەندازیاران، لە عێراق بیستووە".
کۆشکی ئیلیزێ ئاماژەی بەوەش داوە: "سەرۆکی وڵات پشتیوانی خۆی بۆ گەل و دەسەڵاتدارانی عێراق دووپاتدەکاتەوە و جەختدەکاتەوە لەسەر ویستی فەرەنسا بۆ بەردەوامیدان بە کارکردن لەگەڵ عێراق و راهێنان بە هێزە ئەمنییەکان کە شەڕی تیرۆر (داعش) دەکەن".
بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی هێزە چەکدراەکانی فەرەنسا، هەر لەو رووداوە هاتووچۆوەدا، ئەفسەرێکی دیکەی سەربازیی ئەو وڵاتەش بە سەختی برینداربووە و لە نەخۆشخانەی سەربازیی بەغدا چارەسەری پزیشکییی وەرگرتووە.
فەرەنسا یەکێکە لە ئەندامە کاراکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش؛ بە درێژایی نۆ ساڵی رابردوو لە عێراق و هەرێمی کوردستان، هاوکاری سەربازی پێشکەشی سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە کردووە و مەشق و راهێنانی پێ کردوون.
لە ساڵی 2014 و لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش؛ فەرەنسا 120 سەربازی سوپای وڵاتەکەی ناردە هەولێر و بەغدا بەمەبەستی مەشق و راهێنان بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە، کە دواتر ژمارەی سەربازەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ نزیکەی هەزار و 100 سەرباز بەرزبووەوە.
بە گوێرەی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی هێزە چەکدارەکانی فەرەنسا، لە سەرەتای شەڕی داعش لە ساڵی 2014 تاوەکو کۆتاییەکانی ساڵی 2022، فڕۆکە جەنگییەکانی فەرەنسا زیاتر لە هەزار و 500 هێرشی ئاسمانی بۆ سەر حەشارگە و بنکە سەربازییەکانی داعش لە عێراق و سووریا ئەنجامداوە و زیاتر لە دوو هەزار و 250 ئامانجی ئەو رێکخراوە تیرۆریستەی تێکشکاندووە.
بە درێژایی شەڕی دژی داعش وەزیرانی بەرگریی و دەرەوەی فەرەنسا چەندین جار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و تا ئێستاش دوو سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە سەردانی هەولێریان کردووە؛ لە ئەیلوولی ساڵی 2014، فرانسوا ئۆلاند، سەرۆککۆماری پیێشووی فەرەنسا و لە ئابی ساڵی 2021یش ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری ئێستای ئەو وڵاتە سەردانی هەولێری کردووە.