عەلی رەشید:‌ پێشنیازمان کردووە نرخی کارەبا بە سیستمی پریپەید دابەزێت

عەلی رەشید خۆشناو، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هەولێر
عەلی رەشید خۆشناو، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هەولێر

K24 – هەولێر:

سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هەولێر راگه‌یاند، "پاڵپشتی له‌ سیستمی پریپه‌ید ده‌كه‌ین و له‌چه‌ند شوێنێك له‌ هه‌ولێر جێبه‌جێكراوە و سه‌ركه‌وتووبووه‌، ئه‌وه‌ی كێشه‌ی دروستكردووه‌، نرخی پریپه‌یدی شاره‌كان له‌و سیسته‌مه‌ زۆره‌ و هه‌ندێك پێشنیارمان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نرخه‌كه‌ی دابه‌زێت".

عەلی رەشید خۆشناو، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هەولێر، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، گرفتی كاره‌بامان له‌ دوو سێكته‌ری سه‌ره‌كی هه‌یه‌ و رێژه‌ی كاره‌بای هه‌ولێر بەراورد بە دهۆك و سلێمانی، ستەمێکی زۆر له‌ هه‌ولێر ده‌كرێت، ستەمەکەش ئەوەیە دوو مانگ بەر لە ئێستا سلێمانی لە تەواوی مانگەکەدا 15 کاتژمێر کارەبای نیشتمانی نەبووە، لە کاتێکدا هەولێر لە تەواوی مانگەکەدا 100 کاتژمێر کارەبای نیشتمانی نەبووە، ئەمەش وایکردووە کرێی کارەبی مۆلیدە لەسەر خەڵکی هەولێر زیادبێت، "بۆیە لەسەر ئەو وردەکارییە لە ئەنجوومەنی پارێزگا کۆدەبینەوە".

لەبارەی هۆکاری کەمی کارەبای هەولێر بەراورد بە سلێمانی و دهۆک، روویکردەوە، هەرچی دامودەزگای حکومەت هەیە هەموو کارەبایان لەسەر پشکی هەولێر هەژمارکراوە، ئەم وەزارەت و دەستانە کاروباری هەموو هەرێم جێبەجێ دەکەن، دەشڵێت: "پێویستە کارەباکەشیان لەسەر پشکی کارەبای هەرسێ پارێزگای هەولێر،دهۆک و سلێمانی بێت".

سەبارەت بە کارەبا لەڕێگەی سیستمی پریپەید، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هەولێر گوتی: ئێمە بە تەواوی پاڵپشتی کارەبا بە سیستمی پریپەید دەکەین، لە رابردووشدا ئەو سیتەمە لە زۆر شوێن لە هەولێر جێبەجێکرابوو و سەرکەوتووشبوو، هەروەها هاووڵاتییانیش دڵخۆشبوون بەو سیستمە کە کارەبای 24 کاتژمێریان هەبوو.

گوتیشی: تاکە کێشەمان لەسەر کارەبا بە سیستمی پریپەید ئەوەیە، نرخەکەی بەرزە، هەندێ پێشنیازمان هەیە بۆ ئەوەی نرخەکەی دابەزێت، بۆ ئەوەی هاووڵاتییانیش بتوانن بە نرخێکی کەم کارەبای 24 کاتژمێریان هەبێت بە سیستمی پریپەید.

وەزارەتی كارەبای حكومەتی ھەرێمی كوردستان ھەنگاو بە ھەنگاو لە گەڕەك و ناوچەكان كارەبای نیشتمانی لەڕێگەی سیستمی پریپەید دەكاتە 24 كاتژمێری، ئەو ھاووڵاتی و كاسبكارانەی ئێستا كارەبای 24 كاتژمێریان ھەیە پشتیوانی لەو ھەنگاوە دەكەن كە پێدانی كارەبای نیشتمانی بە بەردەوامی وادەكات خەرجی لەسەر ھاووڵاتییان كەمتر ببێتەوە.

لە رێککەوتی (3/5/2023) فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی کارەبای کرد.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیاری جێبەجێکردنی سیستەمی پریپەید لەلایەن وەزارەتی کارەباوە دراوە و "لە سەرەتادا لە ژمارەیەک لە یەکەکانی نیشتەجێبوونی شارە گەورەکان دەست پێ دەکرێت".

ئەوش خراوەتەڕوو، "ئەم هەنگاوە یەکێکە لە پڕۆژەکانی وەزارەت بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاری و دادپەروەری لە دابەشکردنی کارەبا و کەمکردنەوەی سەرپێچییەکانی کارەبا."

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: وەزیری کارەبا بەڵێنی دا باشترین میکانیزم و هەوڵەکان دەخەنە گەڕ بۆ ئەوەی لە وەرزی هاویندا کە خواست لەسەر کارەبا زیاد دەبێت هیچ کێشە و گرفتێک تووشی هاووڵاتییان نەبێت.

Fly Erbil Advertisment