وەزارەتی تەندروستی لێکۆڵینەوە لە گرتە ڤیدیۆی ئازاردانی منداڵێکی تازە لەدایکبوو دەکات

وەزارەتی تەندروستی
وەزارەتی تەندروستی

K24 – هەولێر:

وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک هاتە دەنگ یە لە یەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکان، لەلایەن پەرستارێکەوە، بەشێوەیەکی نەشیاو مامەڵە لەگەڵ منداڵێکی تازە لەدایکبوو دەکرێت.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە، پاڵپشت بە یاسای مافی نەخۆش ژمارە 4ـی ساڵی 2020 و رێنمایی جێبەجێکردنی مافی نەخۆش ژمارە 4ـی ساڵی 2022، وەزارەتی تەندروستی لەسەر بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەك كە تێیدا مافی منداڵێكی تازە لەدایكبوو لە یەكێك لە نەخۆشخانە ئەهلییەكان پێشێل دەكرێت، بە دواداچوون و لێكۆڵینەوە دەكات.

وەزارەتی تەندروستی رایگەیاندووە، "تیمەكانی پشكنین و بەدواداچوون رادەسپێردرێت بۆ گرتنەبەری رێكاری یاسایی بەرامبەر نەخۆشخانەکە و ئەو کەسانەی ئەو تاوانە ئەنجام دەدەن."

هەروەها وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاووڵاتییان دەكات لە بوونی هەر دیاردەیەكی ناتەندروست یان سكاڵا، دەتوانن لە رێگەی سندوقەكانی سكاڵا و هێڵە گەرمەكانەوە ئاگادارمان بكەنەوە و دڵنیایش دەداتە هاووڵاتییان کەوا بەردەوام دەبێت لە پشكنین و بەدواداچوونی خزمەتگوزارییەكانی تەندروستی بۆ رێگەگرتن لە سەرپێچی و کەمتەرخەمی و پێشێلکردنی مافی نەخۆش.

دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لە سۆشیال میدیا کە وادەردەکەوێت لە یەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکان، دوو پەرستاری کچ وێنەی منداڵێکی کۆرپە دەگرن کە تازە لەدایکبووە و یەکێک لە پەرستارەکان، بەشێوەیەکی توند مامەڵە لەگەڵ منداڵەکە دەکات و ئازاری دەدات و بە دەستێک منداڵەکە لە بە گەرتنی هەردوو پێی بەرزدەکاتەوە.

بڵاوبوونەوەی ئەم گرتە ڤیدیۆییە، کاردانەوەی هاووڵاتییانی لێکەوتەوە و داوایان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد لێکۆڵینەوە لەو حاڵەتە بکات و جەخت لە پاراستنی مافی نەخۆش و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو حاڵەتانە بکاتەوە.

دیمەنێک لە گرتە ڤیدیۆییەکە
دیمەنێک لە گرتە ڤیدیۆییەکە
Fly Erbil Advertisment