لە گردی'یاسین تەپە'ی سلێمانی چەند شوێنەوارێکی مێژوویی دەدۆزرێتەوە
شوێنەواری مێژوویی گردی 'یاسین تەپە'ی سلێمانی لەلایەن زانکۆیەکی ژاپۆنییەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت

K24 - هەولێر:
تیمێکی شوێنەوارناسیی زانکۆی چوبۆی ژاپۆنی بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی لێکۆڵینەوە لە شوێنەواری مێژوویی گردی 'یاسین تەپە'ی سلێمانی دەکەن و چەند شوێنەوارێکی مێژوویی دەدۆزنەوە.
گردی یاسین تەپە کە گردێکی دێرینی مێژووییە و دەکەوێتە ناحیەی تانجەرۆ لە پارێزگای سلێمانی، دوای ماوەیەک لە ئەنجامدانی کاری كنە و پشكنین لەلایەن تیمێکی ژاپۆنی و بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی، چەند شوێنەوارێکی مێژووی تێدا دۆزرایەوە، کە سیمای شارستانییەتی کۆنیان پێوە دیارە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لەوبارەیەوە رایگەیاند، بەپێی چینە زانستییەکانی، لە سەردەمی چاخی بەردینی نوێوە دەستپێدەکات تا سەردەمی ئیسلامیی، ئەم تیمە بەتایبەت لە چینی سەردەمی ئاشووریی کاردەکەن و پاشماوەی بیناو کۆڵان و شوێنی ناشتن دەرکەوتووە، هەروەها پارچەی شوێنەواریی ناوازەو دەگمەن.
پارێزگاری سلێمانی گوتیشی: ئەم زەوییە بەشێوەیەکی زۆر سەرنجڕاکێش و ناوازە بە بەرد چنراوە، دەتوانین بڵێین بە شێوەیەکی ئەندازەیی کراوە و جێی تێڕامان و سەرنجلێدانە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر راشیگەیاند، وابڕیارە، بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانی بە هەماهەنگیی تیمی زانکۆ نێودەوڵەتییە هاوبەشەکانی؛ لە
5/9/2023 تا 13/9/2023 خولێکی فێربوون بۆ ئامێری GIS و Total Station و GPS بکاتەوە.
