لە عێراق سەنتەر و کارمەندی تایبەتمەند بۆ چارەسەرکردنی تووشبووانی ماددە هۆشبەرەکان نییە

K24 - هەولێر

لیژنەی تەندروستی پەرلەمای عێراق رایدەگەیەنێت، وەزارەتی تەندروستی کارمەندی تایبەتمەندی نییە بۆ چارەسەرکردنی تووشبووانی ماددە هۆشبەرەکان و سەنتەرەکانی چارەسەرکردنیش زۆر کەم و خراپن.

باسم غەرابی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی سەباحی نیمچەفەرمی عێراق رایگەیاندووە، تائێستا هیچ پلانێک بۆ کۆتاییهێنان بەو دیاردەیە نەنراوە، کە پێویستی بە هەوڵی هاوبەشی دەوڵەت هەیە لە  وەزارەتەکانی ناوخۆ، تەندروستی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.

ئاماژەی بەوەشکردووە، وەزارەتی تەندروستی گلەیی لە نەبوونی کارمەندی تایبەتمەند بۆ چارەسەرکردنی تووشبووانی ماددە هۆشبەرەکان دەکات، جگە لەوەی ئەو کادیرانەی لە دەرەوەی وڵات راهێنراون پێویستیان بە بڕوانامەی بەرزترە، سەرباری ئەوەی سەنتەرەکانی چارەسەرکردن زۆر خراپ و کەمن.

ئەو پەرلەمانتارەی بەغدا رەخنەی لە جێبەجێنەکردنی راسپاردەکان گرت، کە لە وۆرکشۆپ و کۆنفرانس و لیژنەکانی پەرلەمان پەسەندکراون، هەروەها گلەیی کرد لە لاوازی هەڵمەتی میدیایی و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری بۆ رێگری و رزگاربوون لەو دیاردە مەترسیدارە.

باسم غەرابی جەختیکردووەتەوە، پرۆتۆکۆلی وەزارەتی تەندروستی پێویستی بە نوێکردنەوە هەیە، هەروەها یاسای بنبڕکردنی ماددە هۆشبەرەکانیش بەهەمان شێوە پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە.

لە دوای ساڵی 2003ـەوە دیاردەی بازرگانیکردن و بەکار‌هێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، بە تایبەتی لەنێو چینی گەنجان، هەروەها ئەو وڵاتە بووەتە پردێک بۆ پەڕینەوەی ماددە هۆشبەرەکان بۆ وڵاتانی کەنداو.

بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، تەنیا ساڵی رابردوو 14 هەزار کەس بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستگیرکراون، کە 500 کەسیان ژن و مێردمنداڵن.

بە گوێرەی راپۆرتێکی نەتەوەیەکگرتووەکان کە لەساڵی 2021 بڵاوبووەتەوە، بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە عێراق لە 50% زیادیکردووە، لەو رێژەیەش 10%یان گەنجەکانن. هەروەها 1/3 ئەو کەسانەش کارمەندانی هێزە ئەمنییەکانن.

 یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە عێراق کە لەساڵی 2017 دەرچووە بەندەکانی قورس نین، بەجۆرێک ئەو کەسەی ماددەی هۆشبەر بەکاربهێنێت بە  ساڵێک بۆ دوو ساڵ زیندانیکردن سزا دەدرێت، لەگەڵ سزای دارایی کە دەگاتە 10 ملیۆن دینار، لەکاتێکدا بە گوێرەی یاسا کۆنەکەی ساڵی 1965 سزاکە 15 ساڵ زیندانیکردن بوو.

Fly Erbil Advertisment