كاردیناڵ لویس ساكۆ: ئەگەر سەرۆککۆمار پارێزەری دەستوور بووایە، دەستبەرداری ناسنامە بەریتانییەکەی دەبوو

K24 - هەولێر
سەرۆكی كەنیسەی كاسۆلیكی كلدانهكان لە عێراق و جیهان دەڵێت، سەرۆککۆماری عێراق دەستوور و یاسای پێشێلکردووە و "ئەگەر بە ڕاست پارێزەری دەستوور بووایە، دەستبەرداری ناسنامە بەریتانییەکەی دەبوو، وەکو چۆن سەرۆککۆماری پێشووی عێراق کردوویەتی".
ئەمڕۆ سێشەممە 22ـی ئابی 2023، كاردیناڵ لویس ساكۆ، سەرۆكی كەنیسەی كاسۆلیكی كلدانهكان لە عێراق و جیهان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند: "سەرۆککۆماری عێراق کە سوێندی خواردووە دەستووری عێراق بپارێزێت، دەستوور و یاسای پێشێلکردووە. لەم ماوەیەدا چەندین لێداونی جیاواز لە بەرپرسانی حکومەتی عێراق دەبیستین، لەبارەی هێزی یاسا و گرنگییەکەی بۆ پاراستنی هەموو هاووڵاتییان بەبێ جیاوازی؛ لەو وڵاتانەی یاسا پەیروەدەکرێت، یاسا ناونیشانی دەسەڵاتی گەلە، بەڵام بەداخەوە لە وڵاتەکەمان بەو شێوەیە نییە".
بە گوتەی كاردیناڵ لویس ساكۆ، لە عێراق "یاسا تەنها بەسەر هاووڵاتییانی ئاسایدای دەسەپێندرێت، نەک بەرپرسان" و دەڵێت، "سەرۆککۆمار سوێندنی خواردووە پارێزەری دەستوور بێت، بەڵام ئەوەی رووبەڕووی من بووەوە، پێشێلکاری بوو بەرامبەر بە یاسا و دەستوور. بەتایبەت بە کشاندنەوەی زۆر سەیری ئەو مەرسوومە سەرۆکایەتییەی کە پێش 10 ساڵ دەرکراوە و تێیدا من وەکو سەرۆکی کەنیسەی کلدانی دیاریکراوم".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆكی كەنیسەی كاسۆلیكی كلدانهكان لە عێراق و جیهان ئاماژەی بەوە کردووە، ئەگەر لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، "پابەندی دەستوور بووایە، بە پێی برگهی 4ی ماددەی 18ـی دەستوور، دەبووایە دەستبەرداری ناسنامە بەریتانییەکەی بووایە، وەکو چۆن پێشتر بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق کردوویەتی".
وەکو ئەوەی كاردیناڵ لویس ساكۆ باسی دەکات، سەرۆککۆماری عێراق دوو جار هەوڵیداوە مەرسوومەکەی لێ بسەنێتەوە؛ "جاری یەکەم هەوڵیدا لەژێر فشاری سەرۆکی گرووپێکی چەکداری ناسراو، کە هاوپەیمانە لەگەڵ حزبەکەی (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) ئەو مەرسوومە بکشێنێتەوە، بەڵام راوێژکارەکانی رێنوێنییان کرد ئەو کارە نەکات، چونکە پێچەوانەی دەستوورە، بۆیە لە بڕیارەکەی پاشگەزبووەوە".
لەبارەی هەوڵی دووەمی سەرۆککۆماری عێراقیش، سەرۆكی كەنیسەی كاسۆلیكی كلدانهكان لە عێراق و جیهان ئاماژە بەوە دەدات، "لە سەردانێکدا بووم بۆ بەریتانیا، چوار پەرلەمانتاری عێراق کە سەر بەو گرووپە چەکدارییە بوون، داوایان لە سەرۆککۆمار کرد مەرسوومەکە بكشێنێتەوە. ئەویش لە 20ـی حوزەیرانی 2023 بە شێوەیەکی کتوپڕ مەرسوومەکەی لە من کشاندەوە".
كاردیناڵ لویس ساكۆ دەڵێت: "سەرۆککۆماری عێراق لە مەرسوومی ژمارە 31 دا، ئاماژەی بەوە کردووە، کە پشتی بەستووە بە بڕگەی حەوتەمی ماددەی 73، کە لە بڕگەکەدا تەنها ئەوە هاتووە: سەرۆککۆمار دەسەڵاتی دەرکردنی مەرسوومی هەیە، بەڵام بە یەک وشەش باسی لە کشاندنەوەی مەرسوومی نەکردووە. ئەوەی لە هەمووشیان سەیرتر ئەوەیە، لە مەرسوومەکەدا ناوی منی نەهێناوە و منی ئاگادار نەکردووەتەوە. ئەمەش خۆی لەخۆیدا دانپێدانانە بە نادەستووری بڕیارەکە".
دوای ئەوەی سەرۆککۆماری عێراق مەرسوومێکی سەرۆکایەتی هەڵوەشاندەوە کە دان بە پێگەی لویس ساكۆدا دەنێت وەک سهرۆكی کلدانەکان، پەیوەندییەکانی نێوان لویس ساكۆ و رهیان كلدانی زیاتر ئاڵۆزبوون و لویس ساکۆ بارەگاکەی لە بەغدا بۆ هەرێمی كوردستان گواستهوه. لویس ساكۆ چهندین جار دووپاتیكردووهتهوه، رهیان كلدانی سهرۆكی میلیشیای بابلیۆن كار بۆ وەرگرتنی وەقف و موڵک و ماڵی كریستیانهكان دهكات.
كریستیانهكانی عێراق ساڵانێكه بهشێوهیهكی بهرنامه بۆ داڕێژراو رووبهڕووی هێرش، ترس و تۆقاندن و دهربهدهركردن دهبنهوه، كه بههۆیهوه زۆرێک لە كریستیانهكان ناچاربوون بەرەو ئەوروپا و وڵاتانی دیكه كۆچ بكهن. بهپێی دوایین ئامارهكان ئێستا ژمارەی كریستیانهكان لە عێراق بە 150 هەزار كهس مەزەندە دەکرێت، لە کاتێکدا لە ساڵی 2003 ملیۆنێك و 500 هەزار کەس بوون.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوای ئەوەی لە ژمارەی (4727)ـی رۆژنامەی وەقایعی عێراق لە (3ـی تەممووزی 2023)، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بە مەرسومی ژمارە (31) بڕیاری کشانەوەی مەرسومی ژمارە (147)ـی ساڵی 2013 بڵاوکردووەتەوە کە تایبەتە بە کاردینال پاتریارک لویس رافایل ساکۆ، لە روونکردنەوەیەکدا لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند، کشانەوەی مەرسومی سەرۆکایەتی زیان بە پێگەی ئایینی یان یاسایی کاردینال لویس ساکۆ ناگەیەنێت چونکە لەلایەن قەداسەتی پاپا فرەنسیس و کڵێسای کاسۆلیکییەوە ئەو پلەی پاتریارکی کڵێسای کلدانی عێراق و جیهانی پێبەخشراوە.