بەهۆی جێبەجێکردنی سیستەمی پریپەید، 320 مۆلیدە لەکارکردن وەستێندران

کارمەندێکی وەزارەتی کارەبا پێوەری پریپەید لە یەکێک لە ستوونەکان دەبەستێت | وێنە: تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک
کارمەندێکی وەزارەتی کارەبا پێوەری پریپەید لە یەکێک لە ستوونەکان دەبەستێت | وێنە: تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک

K24 – هەولێر:

لە تەواوی هەرێمی کوردستان بەهۆی کارەبای 24 کاتژمێری سیستمی پریپەیدەوە 320 مۆلیدە لەکارکردن وەستێندران، ئەندامێکی لیژنەى باڵای پێوەرى زیرەک رایگەیاند، ئەم کارەبایە لەڕووی بڕ و نرخەوە لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانە.

عەلی ئیسماعیل، ئەندامی لیژنەى باڵای پێوەرى زیرەک بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند، "لە هەرێمی کوردستان بەهۆی سیستەمی پریپەیدەوە 320 مۆلیدە کوژاونەتەوە ، هەروەها لە هەولێر شیکردنەوەمان بۆ 19 پڕۆژەى کارەبا کردووە، تێیدا 25 هەزار هاوبەش وەکو نموونە وەرگیراون، مانگی 6ـی 2022، کە کارەبای نیشتمانی و مۆلیدە لەو پڕۆژانە هەبووە، بە مانگی 6ـی 2023 بەراورد کرا، کە سیستەمەکەیان کراوەتە پریپەید، دەرکەوت 30% بۆ40%ـی نرخ لەسەر هاووڵاتییان هەرزانتر دەکەوێت، چونکە یەک سەرچاوەى کارەبایە. بۆیە ئەمە لەڕووی بڕی کارەبا و نرخیشەوە لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانە".

هاوکات راشیگەیاند، لە پرۆسەى سیستەمی پریپەید بەپێی بارودۆخی ئابووریی ناوچەکان، نرخەکانیان جیاواز دەبن، بۆیە نرخەکان لە گەڕەکە ئاساییەکان هەمان نرخی پێشووى کارەبا دەبێت، تەنیا شێوەى پارەدانەکە دەگۆڕێت، لە نزیک ماڵەوە کارتی کارەبا دەکڕێت و بەكار دەهێنرێت.

وەزارەتی كارەبای حكومەتی ھەرێمی كوردستان ھەنگاو بە ھەنگاو لە گەڕەك و ناوچەكان كارەبای نیشتمانی لەڕێگەی سیستمی پریپەید دەكاتە 24 كاتژمێری، ئەو ھاووڵاتی و كاسبكارانەی ئێستا كارەبای 24 كاتژمێریان ھەیە پشتیوانی لەو ھەنگاوە دەكەن كە پێدانی كارەبای نیشتمانی بە بەردەوامی وادەكات خەرجی لەسەر ھاووڵاتییان كەمتر ببێتەوە.

لە رێککەوتی (3/5/2023) فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی کارەبای کرد.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیاری جێبەجێکردنی سیستەمی پریپەید لەلایەن وەزارەتی کارەباوە دراوە و "لە سەرەتادا لە ژمارەیەک لە یەکەکانی نیشتەجێبوونی شارە گەورەکان دەست پێ دەکرێت".

ئەوش خراوەتەڕوو، "ئەم هەنگاوە یەکێکە لە پڕۆژەکانی وەزارەت بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاری و دادپەروەری لە دابەشکردنی کارەبا و کەمکردنەوەی سەرپێچییەکانی کارەبا."

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: وەزیری کارەبا بەڵێنی دا باشترین میکانیزم و هەوڵەکان دەخەنە گەڕ بۆ ئەوەی لە وەرزی هاویندا کە خواست لەسەر کارەبا زیاد دەبێت هیچ کێشە و گرفتێک تووشی هاووڵاتییان نەبێت.

Fly Erbil Advertisment