ئەمەریکا.. خانوێک بە موعجیزە لە ئاگرەکەی هاوای نەسوتاوە

K24 - هەولێر
لە دیمەنێکی سەیردا، بەهۆی ئاگر کەوتنەوە لە دارستانەکانەوە، خانوویەکی گەورە لە شاری لاهاینای ئەمەریکا وەک خۆی ماوەتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە دەورووبەری ئەم خانووە هەمووی سووتاوە و وێران بووە.
شاری لاهاینا لە رۆژئاوای دوورگەی ماویە لە ویلایەتی هاوای ئەمەریکا، کە بەهۆی ئاگر کەوتنەوەکەی 8ی ئاب، 114 کەس گیانیان لەدەستداوە و تاوەکو ئێستاش ژمارەکە لە زیادبوونە.
لەو ناوچەیە بەهۆی ئاگرەکەوە هەموو بینایەکانی ئەو ناوچەیە بووە داروپەردو و خۆڵەمێش، تەنها یەک خانووی دار بەبێ هیچ زیانێک ماوەتەوە، ئەمەش وایکرد لێکۆڵینەوە لە پێکهاتەکەی بکرێت بۆ ئەوەی بتوانرێت ببێتە مۆدێلێک بۆ سەلامەتی و رزگار بوون لە ئاگرکەوتنەوەکان.
لەکاتی سەیرکردنی ئەو خانووەی سەقفەکەی سوورە، دوو شتی سەرەکی هەیە کە ئەم خانووە دەپارێزن، ئەوانیش شوێن و نەبوونی رووەکی سووتێنەر، یان هەر شتێک لە دەوروبەری کە ببێتە هۆی سووتەمەنی بۆ ئاگرەکە.
گۆڤاری ئینسایدەر باس لەوە دەکات کە خاوەن ماڵەکە خۆیان تووشی شۆک بوون کاتێک بۆیان دەرکەوت ئاگرەکە نەگەیشتووەتە ئەوان.
تریپ میلیکن، خاوەن ماڵەکە بە رۆژنامەی هۆنۆلولو سیڤیل بیتی راگەیاندووە، هیچ هەوڵێکیان نەداوە بۆ ئەوەی ماڵەکەیان لە ئاگر بپارێزن. رۆژنامەکەش ئەو خانووەی بە "ماڵێکی موعجیزە" ناوبردووە.
پات دۆرلاند بەڕێوەبەری پێشووی بەڕێوەبەرایەتی ئاگرکوژێنەوەی ناوچەکە دەڵێت: خاوەن ماڵەکە هەندێک هەڵبژاردەی سەرەکی بەکارهێناوە بەو مانای ئەم خانووە مەرجەکانی ئاگرکەوتنەوەی تێدا نییە، "ئەمەش موعجیزە و بەخت نییە".
دۆرلاند دەڵێت: " خەڵک وا بیردەکەنەوە کە هیچیان بەدەست نییە، بەڵام ئەوە دەکەوێتە سەر دوو وشە،"؛کار لە حەوشەکەدا بکەن".
روونیشی کردەوە: "هەواڵی خۆش ئەوەیە کە زۆرێک لە خاوەن ماڵەکان دەتوانن هەمان شت بکەن، دەوری ماڵەکە بەلایەنی کەمەوە پێنج پێ بە تەواوی دوور بێت لە رووەکی وشک و سووتێنەر، هەروەها سەقف و گەراجەکە پاک رابگرن و شتەکان لاببەن"، ئەمانەش هەموویان یارمەتیدەرن بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی هیچ سووتەمەنییەک نییە بۆ ئاگرکەوتنەوە.