هاکان فیدان: هەفتەی داهاتوو وەزیری بازرگانی تورکیا سەردانی عێراق دەکات

کۆبوونەوەی سەرۆککۆماری عێراق و وەزیری دەرەوەی تورکیا | وێنە: نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆککۆماری عێراق
کۆبوونەوەی سەرۆککۆماری عێراق و وەزیری دەرەوەی تورکیا | وێنە: نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆککۆماری عێراق

K24 - هەولێر

لەتیف رەشید و هاکان فیدان کۆبوونەوە؛ چاوەڕێدەکرێت هەفتەی داهاتوو وەزیری بازرگانی تورکیا سەردانی عێراق بکات. وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە دەڵێت، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سوورە لەسەر سەردانیکردنی بەغدا و سەرۆککۆماری عێراقیش خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکە دەردەبڕێت.

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 23ـی ئابی 2023، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە کۆشکی سەلام پێشوازی لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندی یاوەری کرد.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆککۆماری عێراق لەبارەی کۆبوونەوەکەوە بڵاویکردووەتەوە، هەردوولا پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێکردووە و جەختیان لە گرنگی کارکردن بۆ بەهێزکردن و پەرەپێدانیان و فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری لە بوارەکانی ئابووری، بازرگانی، ژینگەیی و دۆسێی ئاو و وزەدا کردووەتەوە، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی گەلانی عێراق و تورکیا بکات.

وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەرۆککۆماری عێراقی راگەیاندووە، چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو وەزیری بازرگانی ولاتەکەی سەردانی بەغدا بکات و سەرۆککۆماریش هیوای خواستووە کە سەردانەکەی ببێتە مایەی بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان.

لەبارەی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق؛ وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەرۆککۆماری گوتووە، "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سوورە لەسەر سەردانیکردنی عێراق، بۆ بەدواداچوونی کێشەکانی ئێستا جگە لەو دۆسیانەی کە لە بەرنامەی سەردانەکەدا هەیە" و لەتیف رەشیدیش لەلایەن خۆیەوە، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ بەغدا دەربڕیوە.

وەزیری دەرەوەی تورکیا، وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، جەختی لەوە کردەووەتەوە، تورکیا بە پەرۆشە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ کێشەی ئاو و حکومەتەکەی بەدواداچوونی بەردەوامی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کەمی ئاو لە عێراق و هیوای خواست، ئەنجامدانی کۆبوونەوەی هاوبەش لە نێوان پشپۆڕانی هەردوو وڵات یارمەتیدەربێت بۆ گەیشتن بە چارەسەری یەکلاکەرەوە. جەختیشی کردەوە، وڵاتەکەی پابەندە بە پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی عێراق بۆ پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری .

هاوکات سەرۆککۆماری عێراق جەختی "لە گرنگی گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو وڵات کردەوە لەسەر بەدەستهێنانی بەشێکی دادپەروەرانە و پێویست لە ئاو کە پێویستیەکانی گەلەکەمان دابین بکات" و، ئاماژەی بەوەش کرد "عێراق بە قەیرانێکی سەختی ئاودا تێدەپەڕێت و کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ژیانی گشتی عێراقییەکان کردووە بەهۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات و سەرچاوەکانیان."

ئێوارەی دوێنێ سێشەممە 22ـی ئابی 2023، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گەیشتە بەغدا، لەلایەن فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق پێشوازی لێ کرا و دواتر کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان بەست. 

وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ تا ئێستا لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەتەوە و چاوەڕێدەکرێت لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و نوێنەری تورکمانەکان کۆببێتەوە.

دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکانی لە بەغدا؛ وەزیری دەرەوەی تورکیا ئێوارەی ئەمڕۆ دەگاتە هەولێر و چاوەڕێدەکرێت سبەی پێنجشەممە لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە. 

"سەردانی هاکان فیدان بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە"

پێشەوا هەورامی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان شەوی رابردوو (22ـی ئابی 2023)، لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "باسی رۆژ"ـی کوردستان24، لەبارەی سەردانەکەی هاکان فیدان بۆ هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەردانەکە گرنگیی خۆی هەیە و "هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌بوونی په‌یوه‌ندییه‌كی ئه‌رێنی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ له‌ناویشیاندا له‌گه‌ڵ توركیا جددییه‌ و ئاره‌زووی پێشخستنی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ ده‌كات له‌سه‌ر ئاسته‌ جیاوازه‌كاندا. توركیا یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌رێم هاوسنووره‌ و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا په‌یوه‌ندییه‌كی باشی، دیپلۆماسی و بازرگانیمان لەگەڵیان هه‌یه".

‌ پێشەوا هەورامی ئاماژه‌ی به‌وەش‌ كرد، هه‌رێمی كوردستان به‌ر له‌وه‌ی به‌شێك بێت له‌ نه‌خشه‌ی وزه‌ی جیهانی، هه‌رێمێكی ده‌ستووری دانپێنراو بووه‌، كه‌ پێشتریش له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ توركیا په‌یوه‌ندییه‌كی ئه‌رێنی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه‌ و دواتر پاش په‌ره‌پێدانی وزه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ زیاتر په‌ره‌یسه‌ند.

Fly Erbil Advertisment