ئه‌ڵمانیا بۆ په‌نابه‌ران: زۆر پێویستمان بە هێزی کار و کەسانی پیشەیی هەیە
K24 - هەولێر:
حکومەتی ئەڵمانیا ئاسانکاری بۆ وەرگرتنی پەنابەران دەکات و وەزیری ناوخۆی ئه‌و وڵاته له‌مباره‌یه‌وه دەڵێت، زۆر پێویستمان بە هێزی کار و کەسانی پیشەیی هەیە.
نانسی فێزەر وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا به ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، پەنابەران بەشداربوون لە بەرەوپێشچوون و خۆشگوزەرانی کۆمەڵگەی ئەڵمانی و دەمانەوێت بە زووترین کات باشترینەکان وەربگرین.
ئەم قسانەی وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا لەکاتێکدان ئەمڕۆ کابینەی حکومەتی ئەڵمانیا بریارێکی پەسەندکردووە بۆ ئاسانکاریکردن بۆ خه‌ڵكی بیانی بۆئەوەی بتوانن هاوڵاتینامەی ئەڵمانی وەربگرن.
وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا ده‌ڵێت: "چاکسازی، پابەندی حکومەتی مۆدێرنی ئەڵمانیایە، یاسایەکی مۆدێرن تایبەت بە پەنابەران ئامادە دەکەین بەشێوەیەک دادپەروەر بێت و لە ئاستی کۆمەڵگەی فرە چەشنی ئەڵمانیادا بێت. نابێ لەبیربکەین ئەم ریفۆرمە دوای ساڵانێک لە گفتوگۆ دێت".
گوتیشی: "بەداخەوە هەندێک پروپاگەندە کرا دژی ئەو خەڵکانەی بەشداربوون لە بەرەوپێشچوون و خۆشگوزەرانی وڵاتەکەمان. ئێستا لە جیهان لە گەرمەی کێبڕکێی باشترین کۆمەڵگەکانداین، ئێمەش زۆر پێویستمان بە خەڵکی لێهاتوو و پیشەیی هەیە، لەداهاتوویەکی نزیکدا باشترینەکان وەردەگرین".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، بێلایەنی باشترین و بەهێزترین پابەندبوونە بەرامبەر ئەڵمانیا، واتە کەسانێک بتوانن لەناو سیستمی لیبراڵ و فرە رەنگی ئەڵمانیادا بژین، توندڕەوەی و رەگەزپەرستی رێگەپێدراو نییە. هەر کەسێک بەهای هاوبەشی لەگەڵ ئێمەدا نەبێت ناتوانێت ببێتە ئەڵمانی".
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی نووسینگه‌ی سه‌رژمێری فیدراڵی ئه‌ڵمانیا، ژماره‌ی په‌نابه‌ران و ئه‌وانه‌ی داوای مافی په‌نابه‌ریانكردووه، گه‌یشتووه‌ته نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن و هه‌شت سه‌د هه‌زار كه‌س، له‌و ژماره‌یه‌ش یه‌ك ملیۆن و سێ سه‌د هه‌زار كه‌س مافی مانه‌وه‌یان له‌ئه‌ڵمانیادا وه‌رگرتووه، كه‌زۆربه‌یان سووری، عێراقی و ئه‌فغانین.
به‌پێی زانیارییه‌كانی نووسینگه‌ی سه‌رژمێری فیدراڵی ئه‌ڵمانیا، رێژه‌ی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی كه‌ناویان تۆماركردووه، به رێژه‌ی له‌سه‌دا % 6 زیادیكردووه.