راپۆرتی وردبینی لە داهات و خەرجییەکانی شەش مانگ تەواوکرا

K24 - هەولێر
راپۆرتی هاوبەشی وردبینی لە داهات و خەرجی نەوتی و نانەوتیەکانی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵی هەرێمی کوردستان تەواو کرا. بۆ یەکەمجار کە حکومەتی عێراق وردبینی لە داهات و خەرجی نەوتی و نانەوتییەکان دەکات، دەرکەوتوە خەرجی داهاتەکان شەفاف بوون، راپۆرتەکەش لە بەردەم هەردوو حکومەت دایە وردبینی لە خەرجی و داهاتەکان لە چوارچێوەی رێکارەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەیە.
بەربەستێکی دیکەی بەردەم جێبەجێکردنی یاسای بودجە لادرا و هەموو ئەو قسانە لەبارەی داهات و خەرجی و نەوتی نانەوتییەکانی و هەرێمی کوردستان دەکرا، راپۆرتی هاوبەشەکەی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان و عێراق پێچەوانەی کردەوە.
عەبدوڵڵا عەلی، سەرۆکی لیژنەی هاوبەشی هەرێمی کوردستان بۆ وردبینی لە داهات و خەرجییەکان بە کوردستان24ی گوت: "هەموو ئەو داتایانەی وەرگیراون، نێردراون بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، ژمارە و داتاکان ئەوانەن کە پێشتر گوتراون".
گوتیشی: "سێ لیژنەمان پێکهێناوە، دوای تەواوکردنی راپۆرت، وەکو ئەرکی دیوانی چاودێریی و دارایی هەڵدەستین بە بەدواداچوونی ئەو تێبینی و راسپاردەکانی کە لە راپۆرتەکەدا هاتووە بۆ جێبەجێکردنیان".
پسپۆڕێكی ئابووری پێی وایه ئەوەی حکومەتی عێراق دەیکات سیاسیە، وردبینیەکان بیانوویەکە بۆ درەنگ جێبەجێکردنی یاسای بودجە و نەنانردنی بەشە بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
محەمەد عەلی، پسپۆری ئابووری دەڵێت: "ئەوەی ئێستا دەکرێت لەلایەن حکومەتی عێراق دەکرێت بیرکردنەوە هەڵە سیاسییەکانیانە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان".
دوای وردبینی لە داهات و خەرجی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ، بریارە سێ مانگ جارێک پرۆسەی وردبینی لە داهات و خەرجییەکان بکرێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئاسانکارییەکی کردووە لیژنە هاوبەشەکە شەفافانە وردبینیەکە ئەنجام بدەن.