سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دواخرا
K24 - هەولێر
ئامادەکردن: دیلان بەرزان محەممەد و عەممار نەجمەددین
سەردانی شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکانی ئامادەکردنی پرۆژە یاسای نەوت و گاز بۆ بەغدا دواخرا.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، بەهۆی ئەوەی باوکی وەزیری نەوتی عێراق "حەیان عەبدولغەنی" کۆچی دوایی کردووە، سەردانی شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ـی ئابی 2023، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت بە کوردستان24ی راگەیاندبوو، سبەی هەینی بەیاوەری شاندێکی وەزارەت و کەسانی یاسایی سەردانی بەغدا دەکەن.
وەکو ئەوەی کەمال محەمەد ساڵح باسی کرد، شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، لەگەڵ نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزارەتی نەوتی ئەو وڵاتە کۆدەبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسانی ئەو پارێزگایانەش ئامادەدە دەبوون کە بەرهەمهێنەری نەوتن.
بە گوتەی وەزیری سامانە سروشتییەکان، لە پەراوێزی کۆبوونەوەکاندا باس لە ناردنی بەشە بەنزین و نەوتی سپی لەلایەن هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی نەوتی عێراقی دەکرا.
رۆژی چوارشەممە 9ـی ئابی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەبێت لە گەڵاڵەکردنی یاسای نەوت و گاز لەسەر ئاستی عێراقی فیدراڵ، ماددەکانی دەستووری عێراق تایبەت بە کەرتی نەوت وگاز بکرێنە بنەما و هەروەک لە دەستووریشدا بە روونی هاتووە، ئەم پڕۆژە یاسایە دەبێت بە رەزامەندی حکومەتی فیدڕاڵیی وهەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی بەرهەمهێنەری نەوتی عیراق بێت و ڕەنگدانەوەی بنەماکانی سیستەمی فیدراڵی عێراق بێت وەک لە دەستووردا جێگیرکراوە.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، جەختیشی لەوە کردەوە، پێویستە ڕێز لەو ڕێککەوتننانە بگیرێت کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال تایبەت بە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان واژۆکراون.
رۆژی 17ـی تەممووزی 2023، پێشنیازەیاسای نەوت و گاز رەوانەی ئەنجوومەنی شورای عێراق کرا، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی دەستووریبوونی ئەو گۆڕانکاریانەی لە پرۆژەیاساکەدا کراوە.
یەکێک لەو بابەتانەی ماوەی چەندین ساڵە ناکۆکی خستووەتە نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و گازە. پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکە لەو رێککەوتنە سیاسەدا هاتووە، کە پێکهێنەرانی حکومەتی ئێستای عێراق لەسەری رێککەوتوون.
