دوو کەسی نزیکی وەزیری نەوتی عێراق بە رووداوێکی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا

وێنەی دوای رووداوەکە
وێنەی دوای رووداوەکە

K24 - کەرکووک:

خوشکێک و کچێکی وەزیری نەوتی عێراق، حەیان عەبدولغەنی لە رووداوێكی هاتووچۆدا لە پارێزگای دیوانیە گیانیان لەدەستدا.

لەکاتی گەڕانەوەیان لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی باوکی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، ئۆتۆمبێلێکی خێزانەکەیان لە پارێزگای دیوانیە تووشی رووداوی هاتووچۆ دەبێت و بەهۆیەوە، کچێک و خوشکێکی وەزیری نەوتی عێراق گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی زانیارییەکان، جگە لەو دوو کەسە، شۆفێرێکی وەزیری نەوت و پاسەوانێکیشی گیانیان لەدەستداوە و خوشکێکی دیکەشی بریندار بووە و بۆ چارەسەری پێویست رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

لە راگەیەندراوێکدا، د.هاشم یاس شەعلان، بەڕێوبەری فەرمانگەی راهێنان و پەرەپێدان لە وەزارەتی نەوتی عێراق پرسەنامەیەکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا سەرەخۆشی لە وەزیری نەوت و کەسوکارەکەی دەکات.

بڕیاربوو ئەمرۆ، شاندێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرۆژە یاسای نەوت و گاز سەردانی بەغدا بکەن و لەگەل وەزارەتی نەوتدا کۆببنەوە، بەڵام بەهۆی کۆچی دوایی باوکی "حەیان عەبدولغەنی" وەزیری نەوت عێراق سەردانەکە هەڵوەشایەوە.

Fly Erbil Advertisment