عێراق لە ریزبەندی 79ــەمین باشترین سیستەمی چاودێریی تەندروستی لە جیهان دێت

ناوەوەی نەخۆشخانەیەکی بەغدا (ئەرشیف)
ناوەوەی نەخۆشخانەیەکی بەغدا (ئەرشیف)

K24 - هەولێر

ریزبەندی ئەو وڵاتانە بڵاوکرایەوە، کە خاوەنی باشترین سیستەمی چاودێری تەندروستین لە ساڵی 2023 و عێراقیش لە پلەی 79ـەمین دێت.

رۆژی هەینی 25ـی ئابی 2023، گۆڤاری "CEOWORLD"ـی ئەمەریکی لە راپۆرتێکدا ریزبەندی 110 وڵاتی بڵاوکردەوە کە خاوەنی باشترین سیستەمی چاودێری تەندروستین لە ساڵی 2023.

لە ریزبەندییەکەدا ژێرخانی چاودێری تەندروستی؛ لێهاتوویی پسپۆڕانی چاودێری تەندروستی (پزیشکان، پەرستاران و کارمەندانی دیکەی تەندروستی)؛ تێچووی چارەسەرکردن (بە دۆلاری ئەمەریکی بۆ هەر تاکێک)؛ بەردەستبوونی دەرمانی کواڵێتی بەرز؛ بەردەستبوونی ئاوی پاک و ئامادەیی حکومەت بۆ سزادانی مەترسییەکانی وەکو بەکارهێنانی جگەرە و قەڵەوی، کراونەتە بنەما  بۆ دەستنیشانکردنی باشترین سیستەمی چاودێری تەندروستی لە وڵاتان.

لە راپۆرتەکەدا لێکۆڵینەوە لەسەر 110 وڵات کراوە. لە ریزبەندییەکەدا تایوان لە پلەی یەکەم دێت و لە کۆی 100 خاڵ، 78.72 خاڵی کۆکردووەتەوە. کۆریای باشوور و ئوسترالیا بە کۆکردنەوەی 77.7 و 74.11 خاڵ لە ریزبەندی دووەم و سێیەم دێن. کەنەدا و سویدیش، بە کۆکردنەوەی 71.32 و 70.73 خاڵ لە ریزبەندی چوارەم و پێنجەم ئەو وڵاتانە دێن کە خاوەنی باشترین سیستەمی چاودێری تەندروستین.

هەرچی عێراقیشە؛ بە کۆکردنەوەی 33.84 خاڵ لە ریزبەندی 79ــەمینی ئەو وڵاتانە دێت کە خاوەن باشترین سیستەمی چاودێری تەندروستین. 

هەر بە گوێرەی ریزبەندییەکە، سیلڤادۆر بە کۆکردنەوەی 18.6 خاڵ، لە پلەی یەکەمی ئەو وڵاتانە دێت کە خراپترین سیستەمی چاودێری تەندروستییان هەیە و هیندۆراسیش پلەی دووەمی گرتووە.