به‌هۆی قه‌ده‌غه‌كردنی سووتاندنی قورئانی پیرۆز، وڵاتێك سوپاسی دانیمارك ده‌كات

سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن پەنابەرێکی عێراقی لە سوید/ ئه‌رشیڤ
سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن پەنابەرێکی عێراقی لە سوید/ ئه‌رشیڤ

K24 - هەولێر:

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كوه‌یت سالم ئه‌لعه‌بدوڵڵا ئه‌لسوباح پێشوازی له‌ بڕیاره‌كه‌ی دانیمارك ده‌كات، به‌وه‌ی پڕۆژه‌ یاسایه‌ك له‌باره‌ی قه‌ده‌غه‌كردنی قورئانی پیرۆز ئاماده‌ ده‌كات و به‌ هه‌نگاوێكی "ئیجابی" وه‌سفیكرد.

ئه‌لسوباح له‌ میانه‌ی تویتێكدا رایگه‌یاند، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی دانیماركی لارس راسموسن  پێی راگه‌یاندووه‌، كه‌ خه‌ریكی ئاماده‌كردنی یاسایه‌كن، به‌هۆیه‌وه‌‌ دژایه‌تیكردنی ئایینه‌كان و ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر قورئانی پیرۆز به‌پاساوی رای ئازاد قه‌ده‌غه‌ ده‌كات.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كوه‌یت له‌ تویته‌كه‌یدا هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "لارس راسموسن  وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی دانیماركی پێی راگه‌یاندووم، پرسی سووتاندنی قورئانی پیرۆزمان به‌هێند وه‌رگرتووه‌".

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ رێگری له‌ سووتاندنی قورئانی پیرۆز بكرێت و ئه‌م كاره‌ دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌.

پێشتریش پیتەر هاڵمگارد وەزیری دادی دانیمارک رایگەیاندبوو، پرۆژە یاسایەکییان ئامادەکردووە کە رێگری لە سوتاندن و بێڕێزیکردن بە کتێبە پیرۆزەکان دەکات.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردبوو، بەپێی یاساکە سوکایەتیکردن بە کتێبە پرۆزەکان قەدەغەیە، جا کتێبی هەر ئایینێک بێت، ئامانجیش لێی بنبڕکردنی توندوتیژی و رووبەڕووبوونەوەی کرداری تێکدەرانەیە لەوڵات.

گوتبوشی، ناکرێت دەستەوەستان بین بەرامبەر کەمینەیەک لەرێگەی بێڕێزیکردن بە کتێبە پیرۆزەکانەوە دۆخی ئەمنی بشێوێنن.

پیتەر هاڵمگارد ئاماژەی بەوەشدابوو، پرۆژە یاساکە دەچێتە چوارچێوەی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی دانیمارک و سزای سەرپێچیکارانیش پێژاردن و زیندانیکردن دەبێت.

Fly Erbil Advertisment