هەواڵگری بەریتانیا: سوپای ئۆکرانیا لە هێرشەکانیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی باخمووت بەردەوامن
K24 – هەولێر:
هەواڵگری بەریتانیا رایگەیاند، سوپای ئۆکرانیا لە هێرشە پێچەوانەکانی لە باشووری ئۆکرانیا بە تایبەت باخمووت هێواش هێواش له کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانیان بەردەوامن.
ئاژانسی هەواڵگری بەریتانیا، بڵاویکردەوە، لە ناوچەکانی باشووری ئۆکرانیا و بە تایبەتی له دەوروبەری باخمووت، سوپای رووسیا لە بەرامبەر هێرشی پێچەوانەی هێزەکانی ئۆکرانیا لەژێر فشارێکی زۆر سهختدایە.
هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، سوپای ئۆکرانیا هێواش هێواش لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکانیان بەردەوامن.
سەرەتای مانگی حوزەیران بە فەرمی هێرشی پێچەوانەی ئۆکرانیا بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی ناوچەکانی وڵاتەکە دەستیپێکرد، تاکو ئێستاش نزیکەی 300 کیلۆمەتر چوارگۆشەیان کۆنترۆڵکردۆتەوە.
پێشتریش، یەڤگینی پریگۆژین فەرماندەی پێشووی گرووپی ڤاگنەر رایگەیاندبوو، گرووپی ڤاگنەر ناوەندی شاری باخمووتیان کۆنتڕۆڵکردووە و ئاڵای رووسیا و گرووپی ڤاگنەریان لە تەواوی شارەکەدا هەڵداوە.
فەرماندەی گرووپی ڤاگنەر ئاماژەی بەوەشدابوو، بەشێوەیەکی یاسایی، باخمووتیان گرت و فەرماندەی هەموو ئەو یەکانە باڵەخانەی ئیدارەی شارەکە و تەواوی ناوچەکانیان گرتووە ئاڵای کۆمپانیای سەربازی ڤاگنەر هەڵدەکەن.
رووسیا لە (24ـی شوبات/فێبرایەری 2022)، هێرشی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکرد و چەند ناوچەیەکی ئەو وڵاتەی کۆنترۆڵ کرد و تا ئێستاش شەڕ و پێکدادان بەردەوامە.