ئه‌وروپا داوا لە رووسیا دەکات بگەڕێتەوە بۆ رێککەوتنی دانەوێڵەی دەریای رەش

K24 – هەولێر:  

بەرپرسێکی باڵای یەکێتی ئەوروپا داوا لە رووسیا دەکات بگەڕێتەوە بۆ رێککەوتنی دانەوێڵەی دەریای رەش.

جێگری سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمسیۆنی ئەوروپا، ڤلادیس دۆمبرۆڤسکیس رایگەیاند، پشتیوانی لە هەوڵەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و تورکیا دەکەن بۆ نوێکردنەوەی رێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵە لە رێگەی دەریای رەشەوە.

جەختیشیکردەوە، رووسیا دانەوێڵە وەک چەک بەکاردەهێنێت.

جێگری سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمسیۆنی ئەوروپا داواشی لە رووسیا کرد بگەڕێتە بۆ رێککەوتنی دانەوێڵەی دەریای رەش و کۆتاییهێنان بە رێککەوتنەکە نەک تەنیا کێشە بۆ ئۆکرانیا بەڵکو بۆ زۆرێک لە وڵاتانی تازە پێگەیشتوو درووستکردووە.

له‌ مانگی ته‌مووزی ساڵی 2022 رووسیا و ئۆكرانیا له‌ ئه‌سته‌نبۆڵ به‌ چاودێری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان یاداشتێكی لێكتێگه‌یشتنیان واژووكرد، كه‌ ئامانج لێی ئاسانكردنی گه‌یشتنی دانه‌وێڵه‌ی ئۆكرانیایه‌ بۆ بازاڕه‌كانی جیهان.

له‌ 24ـی شوباتی رابردوو به‌ فه‌رمانی ڤلادیمێر پووتنی سه‌رۆكی رووسیا هێرش كرایه‌سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی بوون و تا ئێستاش شه‌ڕ به‌رده‌وامه‌.