ئەردۆغان و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە تورکیا گرەو لەسەر هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەکەن

K24 – هەولێر:
سەرۆککۆماری تورکیا بانگەشەی وەرگرتنەوەی سەرۆکایەتی ئەو شارەوانییانە دەکات کە ئێستا لە دەستی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنە و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش، لە دوای شکستەکەیان لە هەڵبژاردنەکانی ئایاری رابردوو، دووچاری دابەشبوون بوون و لە نوێترین هەڵوێستیدا، سەرۆکی ئیی پارتی داوا دەکات هەموو پارتەکان بەبێ هاوپەیمانی بەشداری لەو هەڵبژاردنە بکەن.
رۆژی شەممە (26ـی ئابی 2023)، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە شاری مووشی باکووری کوردستان، لەبارەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان كە بڕیارە لە 31ـی ئاداری داهاتوو بەڕێوەبچێت رایگەیاند، ئەو سەرۆک شارەوانییانەی ئێستا لەژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزیسیۆنە، وەریدەگرنەوە و سەرکەوتنی گەورە بەدەست دەهێنن.
لەلایەن خۆیەوە، مەرال ئاکشەنەر، سەرۆکی ئیی پارتی، لە پارێزگای ئافیۆنکاراهیسار نەخشەرێگەی داهاتووی پارتەکەی راگەیاند و ئاشکرایکرد، بە کادرەکانی خۆیان بەشداریی لە هەڵبژاردنەکان دەکەن و داواشی لە لایەنە سیاسییەکان کرد بەبێ دروستکردنی هاوپەیمانی بەشداریی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بکەن.
ئاکشەنەر گوتیشی، "لە هەڵبژاردنەکانی رابردوو دەنگدەرانمان پەیامێکیان بە ئێمە دا لێرەوە دەمەوێت رایبگەیەنم کە پەیامەکەتان گەیشت. هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لەبەردەممان دایە و هەندێک لایەن هەن دەیانەوێت ئەم هەڵبژاردنەش وەک هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمان وێنابکەن کە هەڵەن. لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا بە کادرەکانی خۆمان بەشداریی لە هەڵبژاردنەکان دەکەین. لێرەوە بانگەوازێک ئاراستەی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دەکەم، وەرن با بەجیا بەشداریی لە هەڵبژاردنەکان بکەین".
ناکۆکییەکان تەنیا لە نێوان لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن نییە، بەڵکو دوای شکستی کەمال كڵچدارئۆغڵو لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا لە بەرامبەر ئەردۆغان، لەناوخۆی جەهەپە رەخنەی زۆر لە سیاسیەتی كڵچدارئۆغڵو گیرا و داوای دەستلەکارکێشانەوەی کرا، بەڵام ئەو مانەوەی خۆی تا کۆنگرەی داهاتوو راگەیاند و چەند گۆڕانکارییەکی لە پۆستە باڵاکانی پارتەکەی ئەنجامدا.
بەپێی دەرئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019، کە کاندیدانی جەهەپە بە پشتیوانی هەموو هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان، توانییان سەرۆکایەتی شارەوانی دوو گەورەترین و کاریگەرترین شاری تورکیا بەدەستبهێنن کە ئەوانیش سەرکەوتنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە ئیستانبوڵ و مەنسوور یاڤاش لە ئەنقەرە بوو، کە لە ساڵی 1994ـەوە لەژێر دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێدان بوون.
وابڕیارە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە 31ـی ئاداری ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت، هەرچەندە هاوپەیمانی کۆمار بە سەرۆکایەتی پارتی داد و گەشەپێدان کە پارتەکانی مەهەپە، یەنیدان رەفا، هوداپار و یەکگرتووی گەورەش لەخۆدەگرێت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانیش پارێزگاری لە هاوپەیمانییەتەکەی خۆیان دەکەن.
لە بەرامبەردا، هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان تاوەکو ئێستا روون نییە ئایا دەتوانن لە بەرەیەکدا کۆببنەوە یاخود هەماهەنگی بکەن بۆ پارێزگاریکردن لە کورسی سەرۆک شارەوانییەکانی ئیستانبوڵ و ئەنقەرە و بەدەستهێنانی زۆرینە لە شارەوانییەکانی دیک، دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنە گشتییەکەی مانگی ئایار، کە هەر شەش لایەنە سەرەکییە ئۆپۆزیسیۆنەکەی ئەو وڵاتە جگەلە هەدەپە، لەژێر هاوپەیمانی میللـەت بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکان کرد.
لە یەکەم هەنگاوی لێکترازانیشدا، رۆژی (6ـی تەمموزی 2023)، ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئاییندە لە کۆنفرانسێکی هاوبەشدا لەگەڵ تەمەل کەرەموڵڵائۆغڵو، سەرۆکی پارتی سەعادەت رایگەیاند، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر دروستکردنی فراکسیۆنێکی هاوبەش بەناوی فراکسیۆنی پارتی سەعادەت و سەرۆکی فراکسیۆنەکەش سەر بە پارتی ئاییندە دەبێت و جیابوونەوەی خۆیان لە جەهەپە راگەیاند، هەرچەندە پێشتریش ئیی پارتی بە لیستی جیا بەشداری لە هەڵبژاردن کردبوو.
بەگوێرەی دەرئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایاری 2023ـی پەرلەمانی تورکیا کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە لە رۆژنامەی فەرمی دەوڵەت بڵاویکردووەتەوە، لیستی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) 268 کورسی بەدەستهێناوە، لیستی پارتی گەلی کۆماری تورکیا (جەهەپە) 169 کورسی (کە لەو لیستەدا پارتی دهڤا 15 کورسی، پارتی ئاییندە 10 کورسی، پارتی سەعادەت 10 کورسی، پارتی دیموکرات سێ کورسی و پارتی گۆڕانی تورکیاش یەک كورسییان بەدەستهێناوە)، پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) 61 کورسی، پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) 50 کورسی، ئیی پارتی 43 کورسی، پارتی یەنیدەن رەفا پێنج کورسی و پارتی کرێکاری تورکیا چوار کورسییان بەدەستهێناوە.