سەرکردەیەکی رەوتی سەدر: بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ناکەین

K24 – هەولێر:

فەتاح شێخ، سەرکردە لە رەوتی سەدر، رایدەگەیەنێت، بەشدارینەکردنی رەوتی سەدر لە هەڵبژاردنەکان بۆ سزادانی گەندەڵکارانە، هاوکات دەشڵێت: رەوتی سەدر داوای چاکسازی و بەرقەراربوونی سیستەمی دیموکراسی لە وڵات دەکات.

فەتاح شێخ، سەرکردە لە رەوتی سەدر، لەمیانی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کاتژمێر 8ـی کوردستان24 رایگەیاند، هاووڵاتییان ئێستا هەستی پیدەکەن هەڵبژاردن لە ژێر سێبەری ئەو پاراتانەی کە ئێستا هەن لە عێراق هیچ سوودێکی نییە، بە تایبەتی کە ئەم پاراتانە بۆخۆیان دەستیان وەرداوەتە گەندەڵیکردن، ئەمەش وایکردووە ژمارەیەک پارت بەشداری لە هەڵبژاردنەکان نەکەن.

هاوکات راشیگەیاند، پێشتریش موقتەدا سەدر گوتبووی، "هەڵبژاردن لەگەڵ خەڵکی گەندەڵ هیچ سودێکی نییە"، بۆیە کشانەوەی رەوتی سەدر و بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنەکان مۆڵەتدانە بە لایەنەکانی دیکە بۆ ئەوەی بێن چاکسازی ئەنجامبدەن هەروەها گەندەڵەکان دووربخنەوە.

ئەو سەرکردەی رەوتی سەدر دەڵێت: رەوتی سەدر داوای چاکسازی دەکات، هەروەها نامانەوێت بچینە هەڵبژاردنێکەوە کە سوودی بۆ عێراق نەبێت.

فەتاح شێخ، ئاماژەی بەوەشدا، بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنەکان خۆی لە خۆیدا مۆڵەتدانە بە شەڕکردن لەگەڵ گەندەڵکاران، جا بە رێگەی خۆپیشاندان بێت یان بە بەشدارینەکردن بێت لە هەڵبژاردنەکان، ئەمانە هەموو رێگەن بۆ سزادانی گەندەڵکاران.

ئەوەشی خستەڕوو، دەیانەوێت دیموکراسی رێڕەوی راستەقینەی خۆی وەربگرێت لە وڵات.

لەبارەی بەشداریکردنی رەوتی سەدر لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق، ئەو سەرکردەیەی رەوتی سەدر گوتی: ئەگەر هەڵبژاردنەکان لەژێر رێرەوی چاکسازیدا بێت ئێمەش ئامادەین بگەڕێنەوە بەشداری بکەین، بەڵام بەو شێوەیەی ئێستا بێت ئێمە بەشداری ناکەین.

وابڕیارە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکای عێراق (بێجگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بە بەشداریی زیاتر لە 23 ملیۆن دەنگدەر بەڕێوەدەچێت و لەو هەڵبژاردنەدا، 23 ملیۆن و 367 هه‌زار و 81 كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌یە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی 15 پارێزگای عێراق بە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەواوە، هەروەها کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و هەشت بنکەی ده‌نگدان کە 47 هەزار و 655 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت.

رۆژی شەممە (12ـی ئابی 2023) کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، 50 هاوپەیمانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق پێکهاتووە لەلایەن 198 پارتی سیاسییەوە.

رۆژی (27ـی ئاداری 2023)، پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 218 پەرلەمانتار، بە زۆرینەی دەنگ هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ژمارە 12ـی ساڵی 2018ـی پەسەندکرد و لەسەر ئەو بنەمایەش، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بە کەرکووک و نەینەواوە بەڕێوەدەچێت.

Fly Erbil Advertisment