رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: دەسەڵاتی دادگاکان سەربەخۆن

K24 – هەولێر:
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی دادگاکان سەربەخۆن و هیچ لایەنێکی ناوخۆیی و دەرەکی بۆی نییە دەستوەردان لە کاروباری دادگا بکات.
دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان دادگاکان دەسەڵاتی سەربەخۆن و بڕیاری یاسایی خەسڵەتێکی تایبەتمەندە بە جومگەی هەرەمی دادوەری و هیچ لایەنێکی ناوخۆیی و دەرەکی بۆی نییە دەستوەردان لە کاروباری دادگا بکات.
لەبارەی دۆسییەی دادگاییکردنی گۆهدار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاندووە، "لەناو ئۆتۆمبێلی گوهدار دەستبەسەر چەک و تەقەمەنیدا گیراوە، بۆیە بە پێی یاسای چەک دۆسییەی بۆ کراوەتەوە."
هەروەها گوتیشی: "بە پێی یاسای چەک، هەرکەسێک بەبێ مۆڵەت چەکی پێبگیرێت، رووبەڕووی سزای زیندانیکردن یان پێ بژاردن دەبێتەوە".
ئاماژەی بەوەشدا، دۆسیەی گوهدار هێشتا لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە و رەوانەی دادگای تایبەتمەند نەکراوە بۆ دادگاییکردنی.